ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە گرینگترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی کاشی لە رۆژاوای وڵاتی ئێران لە بەرەبەری داخران دایە.
ئەنجومەنی سێنفی کرێکارانی کرماشان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کارگەی کاشیی "کاژە" تایبەت بە بەرهەمهێنانی کاشی و سرامیک بەهۆی کەمیی کەرسەی خاو لە وڵاتی ئێران، بەشێوەی نیوە چالاک کار دەکات.
ئەو کارگەیە کە لە شاری "ئیسلام ئابادی غەرب"ی سەربە شاری کرماشانە و هەر مانگێک تەنیا ماوەی چەند رۆژێک کار دەکات و سەرەڕای ئەوەش زیاتر لە ٥٠٠ کرێکاری ئەو کارگەیە لە مافی بیمە بێبەرین.
بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێک دایە کە پێشتر بەرپرسی کارگەی کاشیی کاژە رایگەیاندبوو کە ٩٧% مادە خاوەکان لە نێو خۆی وڵاتی ئێران و بەتایبەت لە شاری سەحنە و ئوستانەکانی دەوروبەری خۆیان، هاوردەی ئەو کارگەیە دەکرێن.
کارناسانی ئابووریی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن، کە نابەرپرسیارەتیی ناوەندە دەوڵەتییەکان و گەندەڵیی ئیداری لە وڵاتی ئێران، کێشەی کارگە پیشەییەکانی چەندین بەرابەر کردوەتەوە.





