ئاژانسی کوردپا: کتێبی شێعری "کچە گیان" بەرهەمی سمایل عەزەمی، شاعێر و نووسەری كوردی خەڵكی شاری دیواندەرە بە هەژماری ١٠٠٠ دانە چاپ و بڵاو كرایەوە.

سمایل عەزەمی لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو کتێبە ٣ شێعری درێژ لە قاڵبی شێعری نوێدا لە خۆ گرتووە و بە وردی بەسەرهاتی ئەڤیندارانەی کوڕان و کچان وەسف دەکات.

ئەو شاعیرە کوردە باسی لەوەش کرد کە لە بەشێکی دیکەی ئەو شێعرانەدا ژیانی مەینەت‌باری ژنان لە پانتایی مێژوودا وەسف کردووە.

ناوبراو ئاشکرای کرد، لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەیکە ٢ کاری شێعر و چیرۆکی تایبەت بە منداڵانی ئامادەی چاپ و بڵاوکردنەوەیە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیەک لەسەر شایەرانی ئەو ناوچەیە و لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەسەر رووداوێکی ئەڤینداریەتیی ئەو ناوچەیە کە ناوی "عەزیز و کوبرا تراژیدیای سەردەم" بۆ دیاری کردووە.

سمایل عەزەمی لە دایکبووی ساڵی ١٣٥٢ی شاری دیواندەرەیە و بڕوانامەی کارناسیی کۆمەڵایەتیی وەرگرتووە و هەنووکە لە قوتابخانەکانی ئەو شارە سەرقاڵی وانە وتنەوەیە و هەتا ئێستا ٣ بەرهەمی بەناوەکانی "فەرهەنگی تازەی هەورەکان"، "چرکانەکانی ئێوارەییەکی نامۆ" و "کچە گیان"ی چاپ و بڵاو کردۆتەوە.