ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانستگەی پەیام نووری مەریوان کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە بڕیاری دوورخرانەوەی ٣ خوێندکاری کوردی ئەو زانکۆیە کۆببوونەوە، لەلایەن بەرپرسی ئەو زانکۆیەوە بەرەوڕووی هەڕەشەی دوورخرانەوە و بێ حورمەتی بوونەوە.
دانا لەنجاوایی یەکێک لەو چالاکە خوێندکارییانەی کە بۆ زانستگەی پەیام نووری سنە دوور خراونەتەوە وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، رایگەیاند: تەنانەت بەرپرسی زانستگە بەو خوێندکارانەی وتووە کە ئێوە ئێرانی نین و لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەو ناڕەزایەتییە، ئێوەش وێڕای ئەو ٣ خوێندکارە بۆ زانستگەی پەیام نووری سنە دوور دەخرێنەوە.
چەند رۆژ پێش ئێستا "عەزیز تازیک" خوێندکاری زانسته کۆمهڵایهتییهکان و ههروهها ئهندامی دهستهی بهڕێوهبهریی ناوهندی فهرههنگی ــ هونهریی "ڤهژین"، هاوڕێ لهگهڵ "دانا لهنجاوایی" خوێندکاری موهەندسیی "ئابووری کشتوکاڵ" و "ژیار سڵامهتیان" خوێندکاری رشتەی "ماف"، بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، بۆ زانستگەی پەیام نووری سنە دوور خراونەتەوە.
لەنجاوایی ئەوەشی خستەڕوو، کە سەرجەم چالاکییەکانی ئێمە لە ماوەی رابردوودا یاسایی و رێگە پێدراو بوون، بۆیە هەتا ئەو کاتەی وەڵامی شیاو لەمەڕ ئەو بڕیارە وەرنەگرینەوە، لە زانستگەی پەیام نووری مەریوان دەمێنینەوە و ملکەچی ئەو بڕیارە نابین.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، کە بە مەبەستی رێگرتن لەو بڕیارە، لە نێو خوێندکارانداندا واژۆ کۆ دەکەنەوە و هەتا ئێستا زۆربەی خوێندکاران پشتیوانیی خۆیان لە ئێمە دەربڕیوە.





