ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەر ٢ حەفتە جارێک راپۆرتێک لە ژێر ناوی "روانگەی حەفتە" لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاو دەکاتەوە.

نیوەی دووەمی مانگی رێبەندانی ١٣٩١

لەم راپۆرتەدا ئاوڕێک لە دۆخی هەنووکەیی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، بانگهێشت و دەتسبەسەر کران، دۆخی کۆڵبەران و کاسبکاران لە ناوچە کوردنشینەکان ئێران ئەدرێتەوە.

ئاوڕدانەوەیەک کە لە دۆخی زیندانییانی سیاسی و مەدەنی

دۆخی خراپی نێو زیندان، پێڕانەگەیشتن و کەمیی ئیمکانات و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندان لەمەڕ چارەسەریی نەخۆشیی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، زیندانیانی بەرەوڕووی زەخت و گوشار کردۆتەوە کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، لە رووی ناچارییەوە دەست ئەدەنە مانگرتن.

لە ئێستادا رەزا شەریفی بۆکانی لە زیندانی ئێڤین و قاسم رەحیم ئازەر لە زیندانی مەهاباد دەستیان داوەتە مانگرتن و هاوکات محەممەد ئەمین ئاگوشی رایگەیاندووە کە ئەگەر لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامی داخوازییەکانی نەدرێتەوە بە ناچاری دەست ئەداتە مانگرتن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "رەزا شەریفی بۆکانی" زیندانیی سیاسیی کورد لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی رێبەندانەوە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین بە ناڕەزایەتی بە راگواستنی بۆ ئەو زیندانە و لەهەمبەر ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نەشیاوی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، مانی لە خواردن گرتووە.

پێشتر رەزا شەریفی بۆکانی لە کاتی راگواستنی لە زیندانی "رەجایی شاری کەرەج"ەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین رایگەیاندبوو کە ئەگەر هەتا ٢ حەفتەی دیکە نەگەڕایەوە بۆ زیندانی رەجایی شار، دەست دەداتە مانگرتن.

رێکەوتی ٨ی بەفرانبار رەزا شەریفی بۆکانی زیندانیی سیاسیی کورد بە بڕیاری دادوەری گشتیی تاران و لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە زیندانی "رەجایی شاری کەرەج"ەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گوێزرایەوە.

ئەو زیندانیە سیاسییە، سەرەتا بە تاوانی "دژایەتی لەگەڵ خودا" حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەوە کە دواتر ئه‌و حوکمە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٣٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی کەم کرایەوە، بەلام لە دوایین پیداچوونەوە بە پەروەندەی ناوبراودا، حوکمەکەی بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی کەم کرایەوە کە هەنووکە لە زیندانی ئێڤین ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

لەلایەکی دیکەوە "قاسم رەحیم ئازەر" زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە کەمتەرخەمیی لێپرسراوانی زیندانی مەهاباد لەمەڕ چارەسەریی نەخۆشییەکەی دەستی داوەتە مانگرتن.

ئەو زیندانییە سیاسییە ماوەی زیاتر لە ١ مانگە تووشی نەخۆشیی سیل هاتووە و بەرپرسانی زیندان مەهاباد سەرەڕای گوێ نەدان بە نەخۆشییەکەی، بۆ ژووری قەرەنتینەی ئەو زیندانەیان راگواستووە.

رەحیمی ئازەر لە ماوەی ١ مانگی رابردوودا بە مەبەستی چارەسەریی نەخۆشییەکەی چەندین جار داوای مەرەخەسی لەبەرپرسانی ئەو زیندانە کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێ نەداوەتەوە.

ناوبراو رێکەوتی ١٦ی رەشەممەی ١٣٨٩ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا و دواتر لە دادگای سەرەتاییدا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بە ٨ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا و پاشان لە دادگای پێداچوونەوەدا حوکمەکەی بۆ ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

نالەباری دۆخی تەندروستیی ئیرەج محەممەدی زیندانی سیاسی

ماڵپەڕی "چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی" لە ئێران بڵاوی کردەوە، ئیرەج محەممەدی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی "زاهیدان" لە دۆخێکی ناجێگیری جەستەییدا بەسەر دەبات و هێزە ئەمنیەتییەکانی رێگری لە چارەسەریی نەخۆشییەکەی دەکەن.

نابراو هەنووکە تووشیی نەخۆشیی گورچیلە بووە و دەستی لەرزۆک بووە و سەری لە گێژەوە دێ و بەردەوام دەبوورێتەوە.

ئەو نەخۆشییانە پاشهاتی ئەشکەنجەی ناوبراو بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە کە کاسەی سەریشی زەبری بەرکەوتبوو کاریگەریی نگەتیڤی لەسەر مێشکی داناوە.

دۆخی جەستەیی ئەو زیندانییە کوردە رۆژلە دوای رۆژ بەرەو خراپتر بوون دەچێت. ئەوەش لە کاتێک دایە کە دادوەری شاری ورمێ بە بەرپرسانی زیندانی زاهیدانی راگەیاندووە، لە چارەسەر کردنی نەخۆشسیەکانی ئەو زیندانیە کوردە خۆ ببوێرن.

ناوبراو هەنووکە لە بەندی زیندانیانی تووشبوو بە مادەی هۆشبەر راگیراوە و لە ژورەکەیاندا زیاتر لە رێژەی دیاریکراو زیندانی تێدایە و بەو هۆیە ئەو زیندانیانە بە نۆرە دەخەون.

ناوبراو رێکەوتی ١ی رەزبەر بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە دەرکییەکان لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژاواوە دەستبەسەر و ماوەی ٨ مانگ لە گرتووخانەی ٨١ی رەمەزان لە شاری ورمێ لە دەستبەسەریدا بووە کە دواتر لە دادگایەکی چەند خولەکیدا حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی زاهیدانی بۆ برایەوە.

لە ئێستادا ٣ زیندانیی کورد بە ناوەکانی محەممەد ئەمین ئاگووشی، ئیرەج محەممەدی و پولاد خانی کە بۆ زیندانی زاهیدان دوور خراونەتەوە، لە بەندە جیاجیاکانی ئەو زیندانەدا راگیراون.

بەپێی هەواڵی هەمان سەرچاوە "محەممەد ئەمین ئاگووشی" مامۆستای کوردی خانەنشین کراو کە لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان راگیراوە لە نامەیەکدا رایگەیاندووە، کە ئەگەر بەرپرسانی ئەو زیندانە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومتی ئیسلامیی ئێران گرینگی بە داخوازییەکانی نەدەن، بە ناچاری مان لە خواردن دەگرێت.

محەممەد ئەمین ئاگووشی هەتا ئێستا بە دەیان جار داوای "مەرەخەسیی کردووە، بەڵام هیچ‌کام لەو لایەنانە پەیوەندیدارەکان وەڵامی شیاویان پێ نەداوەتەوە.

ناوبراو لە درێژەی نامەکەدا رایگەیاندووە، ئەگەر لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامی خواستەکانم نەدرێتەوە یان نەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە، سەرڕای ئەوەیکە گورچیلەکانم تووشی ئازار هاتوون و بەدەست چەند نەخۆشییەکی دیکەوە دەناڵێنم، دەست ئەدەمە مانگرتن.

محەممەد ئەمین ئاگووشی تەمەن ٥٣ ساڵ و خاوەنی ٥ منداڵە کە رێکەوتی ١ی خاکەلیوەی ساڵی ٨٦ی هەتاوی لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر و بەتاوانی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی و دوور خرانەوە بۆ زیندانی زاهیدانی بۆ برایەوە.

ناروونیی چارەنووسی ٢ رۆژنامەنووسی زیندانی کراوی کورد

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی "دانشجو ئانلاین" باردوخی تەندروستی سلێمان محەممەدی یەکیک لە ١٦ رۆژنامەنووسی زیندانی کراو ناجیگیرە و سەڕەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەمەڕ چارەسەریی پزیشکی، لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە هج وەلامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

لە کاتێکدا ئەو رۆژنامەنووسە دەبوایە ماوەیەک پێش ئیستا نەشتەرگەریی جومگەکانی پشتی بۆ ئەنجام درایە، بەڵام لە کاتی دەستبەسەر کرانییەوە هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چارەسەریی نەخۆشییەکانی ئەو زیندانییە خۆیان بواردووە.

سلێمان محەممەدی سەرنووسەری رۆژنامەی دەوڵەتیی "بەهار" رێکەوتی ٧ی رێبەندانی ئەمساڵ لە نزیک شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرابوو.

ئەو رۆژنامەنووسە کە پێشتر لە خوێندن بێبەری کرابوو، هەتا کاتی دەستبەسەر کرانی هاوکاریی رۆژنامەکانی "روزگار، اعتماد، شرق، فرهیختگان، هەمشهری و فرهنگ آشتی" کردووە.

پاش تێپەڕبوونی ١٢ رۆژ چارەنووسی ساسان ئاقایی نادیارە

ماڵپەڕی سەحام نیوز بڵاوی کردەوە، کە رۆژی پێنچ‌شەممە سەرەڕای سەردانی بنەماڵەی ساسان ئاقایی بۆ زیندانی ئێڤین، بەرپرسانی ئەو زیندانە رێگرییان لە چاوپێکەوتن بە رۆڵەکەیان کردبوو.

بەهۆی رێگری برپرسانی زیندانی ئڤێن لە چاوپێکەوتنی ئەو بنەمەلاەیە بە رۆڵەکەیان، دایکی ساسان ئاقایی بۆ چەندین کاتژمێر لە نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدا بوو.

ساسان ئاقایی ستافی کارای رۆژنامەی "ئێعتماد" بووە کە ٢٢ رۆژ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شوێنی کارەکەی خۆی هاوڕێ لەگەڵ "جەواد دلێری سەرنووسەری ئه‌و رۆژنامەیە و نەسرین تخیری ستافی کارای ئەو رۆژنامەیە دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کران.

هاووڵاتییەکی دەستبەسەر کراوی کورد چارەنووسی نادیارە

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەیەک پێش ئێستا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدولوەهاب فەرەجی" خەڵکی "سەرپێڵ زەهاو"ی سەربە پارێزگای کرماشان لە بازاڕچەی سنووریی "پەرویز خان" لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە، له‌ کاتی ده‌ستبه‌سه‌ر کرانی ئه‌و هاووڵاتییه‌ هه‌تا ئێستا، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییه‌ک له‌مه‌ڕ شوێنی راگیران و تاوانی ناوبراو له‌به‌ر ده‌ستدا نییه.
٤ هاووڵاتیی خەڵکی روانسەر حوکمی زیندانیان بۆ بڕایەوە

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٥ی رێبەندان، دادگای شۆڕشی شاری روانسەر ٤ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارەی بە تاوانی پڕوپاگەندە و هاوکاریی لەگەڵ حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە زیندان مەحکووم کرد.

دادگای شۆڕشی شاری روانسەر هەرکام لە "هادی ئاقایی" تەمەن ٢٨ ساڵ و کوڕی ئەسەدوڵڵا، "عادڵ مورادی" تەمەن ٣١ ساڵ و کوڕی ئەحمەد، "فوئاد ئەنگوشتان" تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی عەلی بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

هەروەها "بەختیار نەزەری" تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی خوامراد" بە ١ ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری حوکم درا.

ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردە رێکەوتی ٢١ خەزەڵوەر لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری روانسەرەوە دەستبەسەر و پاش ٢٢ رۆژ لە دەستبەسەری، هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی رێبەندانەوە هەتا ئێستا ١٠ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە تاوانی جۆراوجۆر لەلایەن دادگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئیستا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئارام بەهرامی" کوڕی محەممەد ئەمین لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کرماشان بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٨ ساڵ دوور خرانەوە بۆ شاری "بجنوورد" لە پارێزگای خۆراسان حوکم درا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تاوانی پڕوپاگەندە و پەیوەندی لەگەڵ حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و بێ‌ڕێزی کردن بە پیرۆزییەکان"، ئەو حکمەی بۆ بڕاوەتەوە.

ئارام بەهرامی ئاگادار کراوەتەوە کە دەبێ رۆژی ٢٨ی رێبەندانی ئەمساڵ بۆ جێبەجێ کردنی ئەو حوکمە خۆی بە دادگا بناسێنێت.

ناوبراو لە دایکبووی گوندی "زەردۆیی" سەربە شاری پاوە و دانیشتوونی شاری کرماشان بووە کە لە هاوێن و پایزی ئەمساڵدا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و لێکۆڵینەوەی لێکرابوو.

لەلایەکی دیکەوە هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چەندین جار هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر کامپیوتێر، لاپتۆپ و رێژەیەکی بەرچاو لە کتێبەکانیدا گرتبوو.

بەپێێ ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئێستا سەرجەم ٢٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

کۆڵبـــــــــــــــــەران

٣ کۆڵبەری کورد بە دەستی هێزە ئینتزامییەکان کوژران

هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی لە ناوچەی "خێلە رەش"ی بانە ٤ کۆڵبەری کوردیان بە زیندووی و بە دەست و لاق بەستراوی لە چیای "سوور کێو"ی بانەوە فڕێ داوەتە خوارێ و لە ئەنجامدا ٣ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ی رێبەندان دەستەیەک لە کۆڵبەرانی کورد کەوتوونەتە بۆسەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و ٤ کەسیان بەناوەکانی "حوسێن رۆستەم‌نژاد" تەمەن ١٦ ساڵ و کوڕی محەممەد، "هوشیار رۆستەم‌نژاد" تەمەن ٢٠ ساڵ و کوڕی محەممەد و "رزگار" کوڕی کەماڵ کەتانی لە ناوچەی خێڵەرەش و لە شوێنێک بە ناوی "شەهابەدین"ی بانە پاش دەستبەسەر کران، بە دەست و لاق بەستراوی لە چیای سوور کێوەوە فڕی دراونەتە خوارەوە.

دواتر یەکێک لەو کۆڵبەرانە بەناوی "عەلی مام نادر" لە رووداوە رزگاری بووە و لەکاتی هەڵاتنیدا کەوتۆتە سەر مینە چێنراوەکان و بەو هۆیەوە لاقێکی لەدەست داوە.

رێکەوتی ٢١ی رێبەندان تەرمی ئەو ٣ لاوە کوردەی دیکە بە دەست و لاق بەستراوی لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزراونەتەوە.

هاوکات هێزە ئینتزامییەکانی حکوومتی ئیسلامیی ئێران وێڕای کوشتنی ئەو کۆڵبەرە کوردانە، سەرجەم شتومەک و کەلوپەلی کۆڵبەرانیان زەوت کردووە.

بەوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی خێڵەڕەش زیاتر لە ٧٠ سەر ئەسبی بارهەڵگریش لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێرانەوە بەکوشت چوون.

ئەو کۆڵبەرە کوردانە خەڵکی ناوچەی مەهاباد بوون کە بۆ پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری روویان لە سنوورەکانی نێوان شاری بانە و هەرێمی کوردستان کردبوو.

بەپێێ ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی رێبەندانەوە هەتا ئێستا ٤ کۆڵبەری کورد بەدەستی نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و کۆڵبەرێکیش بەدەستی ئەو هێزانە بریندار کراوە.

هەروەها لەم مانگەدا ١١ کەسی دیکە لە نێو جادەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٧ کەس کوژراو و ٤ کەسیشیان بەتوندی بریندار کراون.