حەفتەی سێیەمی مانگی رێبەندانی ١٣٩١

ئاژانسی کوردپا بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، لەمەو بەدوا هەر حەفتە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام دەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو مێدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە چالاکانی ژنانی مەریوان لەمەڕ کێشە و گرفتی ژنان لەو شارە، گەڕانەوەی مەهسا ئەمرئابادی بۆ زیندان، چوونەسەرێی رێژەی ژنانی لەشفرۆش و دیارەدەی بێ‌سەروشوێن بوونی ژنان لە کاشان لە خۆ دەگرێت.
کوردســــــــــــــــــتان

سەعادەت ئێران‌پوور

ئاژانسی کوردپا بەمەبەستی تاوتوێ کردنی دۆخی هەنووکەیی ژنان، دیمانەیەکی تایبەتیی لەگەڵ یەکێک لە چالاکانی ژنانی شاری مەریوان پێکهێناوە کە بە وردی باس لە دەنگی کپ کراوی ژنانی کۆمەڵگەی پیاو سالار و چالاکییەکانی ئەنجومەنی ژنانی موریوان دەکات.

سەعادەت ئێران‌پوور ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان لە دیمانەیەکی تایبەتیدا کۆمەڵێک ئاریشە کە سەرجەم ئازاری ژنانێک بوو کە رۆژانە لەگەڵیان هەڵسووکەت دەکات، خستەڕوو.

ئەو چالاکە ژنە رایگەیاند: ماڵ لە ئستادا بووە بە گۆرستانێک بۆ ژنان، چونکە کاتێک ژن ئەشکەنجە ئەدرێت و توندوتێژی بەرامبەر دەکرێت و لەهەمان کاتدا هەستە دەروونییەکانیان بریندار دەبن و ئازار و هاواری لەلایەن هیچ کەسێکەوە سەرنجی پێ نەدرێت، بێگومان ئەو ماڵە لەگەڵ گۆڕستان جیاوازی نییە، کەوابوو تاکی ژن هەست بەوە دەکات کە بوون و نەبوونی لە کۆمەڵگەدا وەک یەک سەیر دەکرێت، بۆیە خۆ رزگار کردن لەو ژیانە بە تاکە رێگە دەزانێ و لە ئەنجامدا ئاماری خۆکوژی و خۆسووتاندن بەرەو لوتکە دەچێت.

ئێران‌پوور لە درێژەی لێدوانەکەیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، بەداخەوە یاسا بەو شێوەی پێویستە پشتگیری لە ژنان ناکات، چونکە یاسای وڵاتی ئێمە یاسایەکی پیاوسالارە و ناتوانێ لە خەم و ئازارەکانی ژنان بدوێت، لەلایەکی دیکەوە کاتێک ژنان سکاڵا لەمەڕ توندوتیژییەکان تۆمار دەکەن، یاسا تەنیا بە ئاسەواری ئەشکەنجەی سەر جەستەی ژنان گرینگی ئەدات، بێ ئاگا لەوەیکە هەست و کەسایەتی ژنان بەرەو چ ئاقارێکی تەماوی هەنگاو دەنێت.

ناوبراو ئاشکرای کرد، ماوەیەک پیش ئێستا ئەنجومەنی ژنانی موریوان بەمەبەستی مەحکووم کردن و ناڕەزاتەتی دەربڕینی لەمەڕ کوژرانی کچیک بەدەستی باوکی خۆی، رێپێوانێکی هێمنانەمان رێکخستبوو کە دواتر سەرجەم بەشدارانی ئەو رێپێوانە باگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتیەکان کران و لێپرسینەوەیان لێکرا و بەرەوڕووی هەڕشە بوونەوە.

هەروەها باسی لەوەش کرد، ئەگەر ژنێک کە خۆی بسووتێنی یان خۆی بەکوژێت، تەنانەت ئەگەر مێردەکەی هەموو کەرەستەکانی خۆ کوشتنی بۆ دابین بکات یان بەرەو خۆ کوشتن هانی بدات، یاسا لێپرسینەوە و بەدواداچوونی بۆ ناکات.
ئەو چالاکە، چیرۆکی ژنێکی بە ناوی "لاولاو پاکیدە"ی وەک نموونە هێنایەوە کە پێش خۆ کوشتن باسی کردبوو کە مێردەکەی بەرەو خۆ کوشتن هانی ئەدات و دواتر لاولاو بەو هۆیەوە کۆتایی بە ژیانی هێنا و هەتا ئیستاش کەس بەدواداچوونی بۆ نەکرد و کۆمەڵیک چێرۆکی نەوتراوەی لەگەڵ خۆی بردە ژێر گڵ.

هۆکارێکی دیکەی لە سەرێ بوونی رێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بۆ نزم بوونی ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتووی کۆمەڵگەی خێڵەکی و نەریتی گەڕاندەوە و رایگەیاند: یەکەم پەتێک کە لەو جۆرە کۆمەڵگەیانەدا بۆ ژنان هەڵخرا، دیاردەیەک بە ناوی پاراستنی حەیا و شەرەف بوو، چونکە لە منداڵییەوە وا فێر دەکرێن کە لەهەمبەر توندوتیژی، دەستدرێژی، لێدان و ئەشکەنجەدا تەنیا بەناوی پاراستنی حەیاوە و حورمەتەوە بێ دەنگی هەڵبژێرن، لە ئاوەها حاڵەتێک دایە کە ژنان بەردەوام هەست بە بێ حورمەتی و سووکایەتی دەکەن.

ناوبراو ئەوەشی خستەروو، کە لە هەر گۆڕستانێکی شاری مەریوان بە لانیکەمەوە ١٠ هەتا ١٥ ژنی لێ نێژراوە کە خۆیان کوشتووە و زۆربەی ئەو ژنانەی لە نزیکەوە ناسیوە و لە زۆرێک لە ئێش و ئازارەکانیان ئاگادار بووە.

ئێـــــــــــــــــــران

دژایەتی لەگەڵ درێژ کرنەوەی ماوەی مەرەخەسیی "مەهسا ئەمرئابادی"

مەهسا ئەمرئابادی

مەهسا ئەمرئابادی رۆژنامەنووس و چالاکی بواری مێدیایی، رۆژ دووشەممە رێکەوتی ١٦ی رێبەندان پاش دژایەتی کردن لەگەڵ درێژ کرانەوەی ماوەی مەرەخەسییەکەی، خۆی بە زیندانی "ئێڤین"ی تاران ناساندەوە.

ئەو ژنە رۆژنامەنووسە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١ی رێبەندان پاش تێپەڕاندنی ماوەی ١٠ مانگ زیندانی بە دانانی بارمتە مەرەخەسی پێدرا.

مەسعوود باستانی هاوسەری مەهسا ئەمرئابادی لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٨ـەوە لە زیندان دایە کە پاش تێپەڕبوونی ٤ ساڵ بۆ یەکەمجار چاویان بە یەکتر کەوتبوو.

هاوکات ئەو رۆژنامە نووسە رێفۆرم خوازە لە لاپەڕەی فەیسبووکی تایبەتیی خۆیدا بەداخبوونی خۆی لەمەڕ رەوتی دەستبەسەر کردن لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانەوە، دەربڕیبوو.

ئەو رۆژنامە نووسە گەلاوێژی ساڵی ٨٨ی هەتاوی دەستبەسەر و ماوەی ٣ مانگ لە ژووری تاکەسەیی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا راگیرابوو.

مەهسا ئەمرابادی لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی شاری تاران بە سەرۆکایەتیی "دادوەر "پیر عەباسی" ماوەی ١ ساڵ زیندنای تەعزیری و ٤ مانگ زیندانی هەڵپەسێراوی بۆ بڕایەوە.

هەروەها "مەسعوود باستانی"ش هاوسەری مەهسا لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٨ەوە بە تاوانی پڕوپاگەندە بە دژی نیزام هەولدان بۆ پێکهێنای ئاڵۆزی دەستبەسەر و بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

لەشفرۆشی بەمەبەستی تۆڵە ئەستاندنەوە لە کۆمەڵگە

"مەجید ئەبهەری" یەکێک لە پسپۆڕانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران لگەڵ ئەوەیکە هۆکاری زیادبوونی دیاردەی ژنانی لەشفرۆشی بۆ هەبوونی "ماهوارە" و "شەڕی نەرم" گەڕاندەوە، رایگەیاند: رێژەیەکی بەرچاو لەو ژنانە لەبەر تۆڵە ئەستاندنەوە لە کۆمەڵگە روویان لە لەشفرۆشی کردووە و دەیانهەوێ بەم شێوەیە قەرەبووی ئەو خەسارەکانی ژیانی خۆیان بکەنەوە.

نابراو ئاماژەی بەوەشدا کە ماهوارە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە ژیانی خەڵکدا پێکهێناوە و دیاردەی لەشفرۆشی لە ئێران بەرهەمی کاریگەرییەکانی ماهوارە لە وڵاتی ئێران دایە.

ئەبهەری بە هەواڵنێری "ئیلنا"ی راگەیاندووەە، کچانی هەڵهاتوو لە ماڵ دەچنە ریزی ژنانی لەشفرۆش و هەروەها زۆربەی ژنانی لەشفرۆشی تاران کەسانی ناخۆجێیی پێکی دێنن.

لە هەر ١٢ شەو و رۆژدا ١ ژن لە کاشان بێ سەروشوێن دەکرێت

"مەنوچێهر سەفایی" یەکێک لە بەرپرسانی هێزی ئینتزامیی کاشان رایگەیاندووە، کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٤٦ کەس لە شاری کاشان بێ سەروشوێن بوون کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٢٤ کەس لە بێ‌سەروشوێن کراوان ژنان پێکی دێنن.

ئەو بەرپرسەی هێزی ئینتزامی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئامارە تەنیا ئەو کەسانەی لە خۆ گرتووە کە ناویان لەلایەن کەسوکاریانەوە بە ئیدارەی پۆلیسی کاشان راگەیەندراوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستۆتەڕوو کە لە مانگی بەفرانباردا ٣ ژن بێ‌سەروشوێن بوون کە تەرمی ٢ کەسیان دۆزراوەتەوە.

ئەو ٢ ژنە ٣٨ و ٤٥ ساڵ تەمەنە کە پاش بێ‌سەروشوێن کرانیان دۆزرابوونەوە لەلایەن کەس‌وکاری نزکی خۆیانەوە کوژرابوون.

سەرچاوەکان: ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماڵپەڕی سەحام نیوز، هەواڵدەریی فارس، هەواڵدەریی ئیلنا