ئاژانسی کوردپا: بەهۆی داڕمانی بەشێک لە باڵەخانەیەک لە ورمێ، کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی بەشدار لە رێوڕەسمی شایی و هەڵپەڕکێدا، کوژراو و بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا لە شارۆچکەی "تەرزیلوو"ی ورمێ باڵکۆنی بینایەک بەسەر کۆمەڵێک لە بەشدارانی رێوڕەسمی شایی"دا داڕما و بەو هۆیەوە کەسێک بەناوی "عیسا کەریمی" کوڕی ئیسماعیل خەڵکی گوندی "کوجار"ی سەربە بەخشی سیلوانە گیانی لەدەست دا.
ئەو رووداوە رێکەوتی ١٨ی رێبەندان هاتۆتە ئاراوە و ١٠ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بە توندی بریندار بوون و بارودۆخی تەندروستیی کەسێکیان بەناوی "سەید کەماڵ حوسێنی" کوڕی سەید عەلی ناجێگیرە.





