ئاژانسی کوردپا: پیشانگایەک لەمەڕ پێشێلکاریی بەرچاوی مافی مرۆڤ هاووڵاتییانی ئێران لە یەکێک لە شارەکانی وڵاتی سوئێد بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٧ی رێبەندان "ناسر عەبیات" رۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤی خەڵکی ئەهواز پیشانگایەکی لەسەر پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و دەستدرێژییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر هاووڵاتییاندا بەڕێوە برد.

ناوەڕۆکی سەرەکیی ئەو پیشانگایە، ناڕەزایەتی بە بڕیاری ئێعدام کردنی ٥ هاووڵاتیی عەرەبی ئەهوازی و ٢ چالاکی کورد بە ناوەکانی "زانیار و لوقمان مورادی"، مردنی گوماناویی ستار سەیاحی و ستار بەهەشتی و هەروەها حوکمی زیندانی کردنی "نەسرین ستوودە" پارێزەری دادگاکانی ئێران و چالاکی مافی ژنانی لەخۆ گرتبوو.

ئەو رۆژنامەنووسە لەو پیشانگایەدا توانیی هەڵسوکەتی دژە مرۆیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەپەیوەندی لەگەڵ سەرکوتی چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی ناوخۆی ئێران لە قاڵبی وێنە و فیلمدا بخاتەڕوو.

لەو پیشنگایەدا نوێنەری حیزبەکانی "سوسیال دێمۆکرات و دێمۆکرات مەسیحی"ی وڵاتی سوئێد و چالاکانی مافی مرۆڤ لە شاری ئۆسلە بەشدار بوون.