ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتیەکی خەڵکی پیرانشار بەهۆی بڵاو بوونەوەی گازی "مۆنۆکسیدی کەربۆن"ی کوورەی گازی سروشتی لە ناو ماڵەکەیدا گیانی لە دەست دا.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٦ی سەرماوەز خێزانێکی ٣ کەسی لە پیرانشار تووشی رووداوی گاز گرتوویی بوون و بەو هۆیەوە کەسێکیان بە ناوی "مستەفا قادری" تەمەن ٢٤ ساڵ گیانی لە دەست داوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: "کولسووم سابوونی" هاوسەری ئەو قوربانیە و باوکی ئەو بنەماڵەیەش بەناوی "هەمزە قادری سەرووکانی" بە هۆی گاز گرتووییەوە لە نەخۆشخانەی پیرانشار ل ژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.
هەروەها دوێنێ هاووڵاتییەکی دیکەش لە شاری "نەغەدە"ش بە هۆی رووداوی گاز گرتوویەوە گیانی لەدەست دابوو.
لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢١٢ کەس لە ئێران بەهۆی رووداوی گازەوە خنکاون و گیانیان لەدەست داوە.
بەشیكی بەرچاو لەو رووداوانە بەهۆی ناستاندارد بوونی کەرەسە گازییەکان و کەمتەرخەمیی دەزگاکانی چاوەدێری بەسەر کارگەکانی بەرهەمهێنانی کەرەسەکانی ناو ماڵدا دێنە ئاراوە.





