ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای دەستبەسەر کرانی ٣ ژنە چالاکی خەڵکی مەشهەد، رۆژی هەینی یەکێک لە دەستبەسەر کراوان بەناوی "مینا خەبووشانی" ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "مەحبووبە خەبووشانی و بێهناز رەزازادە" هەتا ئێستا لە دەستبەسەری دان و لەمەڕ چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نیە.
ئەو ٣ چالاکە ژنە، خەڵکی "قووچان" و لە شاری مەشهەد دادەنیشن کە چەند رۆژ لەمەوپێش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنكی نادیار راگوێزرابوون.
چەند کاتژمێر پێش ئێستا هەواڵی دەستبەسەر کرانی ئەو ٣ چالاکە ژنە لەلایەن "ئاژانسی موکریان"ەوە بە پشت بەستن بە لاپەڕەیەکی فەیسبووک بە ناڕاست لە قەڵم درا، ئەمە لە کاتێک دایە ئەو هەواڵە لەلایەن "ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا"وە بە توندی رەت دەکرێتەوە و بەڵگەی پێویست لەمەڕ دەستبەسەر کرانی ئەو ٣ چالاکە ژنە لەبەر دەستی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەیە.
هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە پێوەندی تاوانی ئەو ٣ چالاکە ژنە لەبەر دەستدا نیە.
ماوەیەک لەمەوبەریش "گوڵی شادکام" ژنە چالاکی کوردی خەڵکی مەشهەد لەلایەن ئیدارەی حیراسەتی مەشهەدەوە بانگهێشت و پێی راگەیەنرابوو کە مافی پێداچوونەوە بە کتێبی کوردیی نیە.
لەلایەكی دیكەشەوە یەلدا عەباسی کچە گۆرانیبێژی بەناوبانگی كوردی خۆراسان لە فڕۆكەخانەی مەشهد لە كاتێكدا ویستبووی سەفەری وڵاتی توركیە بكات پێشی پێگیراوە و پێیان راگەیاندبوو كە چوونە دەرەوەی لە وڵات و سەفەر كردنی قەدەغەیە.




