ئاژانسی كوردپا: نوێترین ژمارەی گۆڤاری "رۆڤار" كە تایبەتە بە ژیان و كەسایەتیی "مەلای گەورە" رۆشنبیری كورد چاپ و بڵاو كرایەوە.

نوێترین ژمارەی گۆڤاری "رۆڤار" بڵاو كراوەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاو كرایەوە، ئەم ژمارە نوێیەی رۆڤار تایبەتە بە ژیان و كەسایەتیی مەلای گەورە رۆشنبیری ناسراوی كورد، ژمارە٧١ی رۆژڤار بە ناونیشانی (مەلای گەورە، رووناكبیرێكی پێشكەوتووخواز)ی لێنراوە و بە تیراژی هەزار دانە بڵاو كراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لەم ژمارە نوێیەی رۆڤاردا، هەر یەك لە نووسەران "دوكتۆر رەئووف عوسمان، سەلاح شێخ شەرەف، كەریم شارەزا، مومتاز حەیدەری، محەمەد عەلی قەرەداخی" بە نووسین و وتار و لێكۆڵینەوە بەشداریی ئەم ژمارە نوێیەیان كردووە.

هەروەها لەم ژمارە ٧١ی رۆژگاردا كۆمەڵێك وێنەی دەگمەن و نامە و دەستنووسی مەلای گەورە و بەشێكی زۆری شیعرەكانی ئەو شاعیر و رۆشنبیرە ناسراوەی كورد بڵاو كراوەتەوە، ئێستا رۆڤار لە هەموو كتێبخانەكانی كوردستاندا دەست دەكەوێت.

رۆڤار بڵاو كراوەیەكی رۆشنبیرییە، هەر ژمارەی تایبەتە بە داهێنەرێكی كورد، لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم هەر دوو مانگ جارێك بڵاودە دەبێتەوە.

خاوەنی ئیمتیازی رۆڤار "شێركۆ بێكەس، سەرپەرستیار رەئوف بێگەرد، بەڕێوەبەری نووسین كامەران سوبحان"ە.

ژمارەی داهاتووی گوڤاری رۆڤار تایبەتە بە رۆشنبیر و مێژوونووسی ناوداری كورد تۆفیق وەهبی، لەلایەن بەڕێوەبەرانی گۆڤاری رۆژڤارەوە داوا لە هەموو نووسەرانی كورد كراوە هەر كەسێك وتارێك یان زانیاری و وێنە و دیكیۆمێنتێكی لەسەر تۆفیق وەهبی رۆشنبیری كورد لەلایە رەوانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بكات.