ئاژانسی کوردپا: هیزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چوونەتە گوندەکانی سەر سنووری سەلاسی باوەجانی و هەڕەشەی کوشتن و تەقە کردنیان لە هاووڵاتییان کردووە.
بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە گوندی "شێخ سەڵە"، چوونەتە گوندەکانی "رەجەوی، شێخ سەڵە، قاڵیچە، نگڕە و بانی نار"، هەڵکەوتوو لە سنووری نێوان سەلاسی باوەجانی بۆ هەرێمی کوردستان و هەڕەشەیان لە هاووڵاتییانی ئەو گوندانە کردووە کەلە ئەگەری نزیک بوونەوەیان لە سنوور تەقەیان لێ دەکەن و بەرپرسیارەتیی ئەو کارە دەکەوێتەوە ئەستۆی خۆیان.
سەرچاوەکە راشیگەیاند کە ماوەی زیاتر لە ١٥ رۆژە هێزە ئینتزامییەکانی سنووری "شێخ سەڵە"یان داخستووە و ئیزن بە هیچ کەس نادەن لەو سنوورانە نزیک بێتەوە، لە حاڵێکدا کاسبی کردن لە سنوورەکان تاکە سەرچاوەی داهاتی هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو گوندانە دێتە ئەژمار.




