ئاژانسی كوردپا: لە ماوەی‌ مانگی‌ رابردوودا لە سنووری پەرویزخان، دەست بەسەر زیاتر لە ٢٦٧ تو‌ن خۆراكی‌ خراپ و ماوە بەسەرچوودا گیراوە كەلە ئێرانەوە هاوردەی‌ هەرێمی‌ كوردستان كراون.

ماڵپەڕی خەندان بڵاوی كردەوە، بەپێی ئامارێكی‌ یەكەی‌ پشكنینی خۆراك لە سنووری پەرویزخان، لە ‌ماوەی‌ مانگی‌ رابردوودا پشكنین بۆ نزیكەی‌ ٤٣ هەزار و ٢٦٠ تو‌ن خۆراك كراوە، لەكۆی ئەو خۆراكانەش ٢٦٧ تون و ٧٥٠ كیلۆ خۆراك بەهۆی نەشیاوی و دەرنەچوون لە پشكنین، گل دراوەتەوە و دواتر فەوتێنراون.

هێمن ئەحمەد، بەرپرسی یەكەی‌ پشكنینی خۆراك لە سنووری پەرویزخان بە ماڵپەڕی‌ "خەندان"ی‌ راگەیاند: "هەموو خۆراكێك كەلە ئێرانەوە دەهێنرێتە سنووری پەرویزخان سێ جۆر پشكنینی بۆ دەكرێت "فیزیایی، كیمیایی و باكترۆلۆژیی"، ئەو خۆراكانەی‌ كە دەستیان بەسەردا گیراوە، جۆراوجۆر بوون، لەوانە: "شیرەمەنی‌، شیرینی، خواردەمەنی‌ لە قوتوو نراو و چەند جۆرێكی‌ دیكە".

ئەوەشی ئاشكرا كردووە، خۆراكە خراپەكان كەلە پشكنین دەرنەچوون، سەرجەمیان لەناو براون ‌و رێگە نەدراوە هاوردەی‌ بازاڕەكان بكرێن.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە سنوورە و دەروازەكانی "پەرویزخان، باشماخ و حاجی و ئۆمەران" كە سێ‌ سنووری گرینگی بازرگانین لەگەڵ ئێران، شەپۆلێكی بەربڵاوی پشكنینی توندوتۆڵ بۆ ئەو مادە و خۆراكانە دەستی پێكردووە كەلە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن و لەم پێوەندییەشدا كۆمەڵێك خۆراكی بەسەرچوو دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە هەرێمی كوردستان بەهۆی نەبوونی دەرەتانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وخۆماڵی، بەشێكی زۆر لە خۆراك و پێداویستیی رۆژانەی خەڵك لە ئێران، توركیە و وڵاتانی عەرەبییەوە هاوردە دەكرێن، بۆیە رۆژانە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان مادە و خۆراكی خراپ و ماوە بەسەرچوو لەلایەن لایەنە پێوەندارەكانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و لەناو دەبرێن.