ئاژانسی كوردپا: "رۆجیار و وەرمەكام" هەڵبژاردەیەك لە شێعرە نوێیەكانی "مۆدرێك كەریمی" شاعیری خەڵكی هەورامان بە زاراوەی هەورامی و بە شێوەی ئەلبۆم و بە دەنگی خۆی بڵاو كرایەوە.
بەپێێ هەواڵی بنكەی فەرهەنگی، خەبەریی "كۆمەڵكاڵ" كۆمەڵە شێعریی ئەلبۆمیی "رۆجیار و وەرمەكام" كە بریتیە لە 10 پارچە شێعری نوێی هەورامی بە دەنگی شاعیر مودرێك كەریمی و لە 10 تراكتی دەنگیدا و بە مۆسیقای نوێی جیهانی و هەروەها دەنگی هونەرمەندان حەسەن زیرەك و عوسمان هەورامی بڵاو كراوەتەوە.
مۆدرێك كەریمی لەناو برۆشۆری ئەلبۆمە شێعریەكەیدا نووسیویە: "من لەم ئەلبۆمە شێعرییەدا ویستوومە شێعرەكانم بە كوالیتێكی بەرز و نوێ بگەنە دەستی خوێنەران و هەوڵم داوە ئەو مۆسیقیانە هەڵبژێرم كە لەگەڵ شێعرەكان یەك بگونجێن".
ئەلبۆمە شێعری "رۆجیار و وەرمەكام" لەلایەن بڵاوگەی مۆسیقیی "روشنان"ەوە بڵاو كراوەتەوە و ئێستا لە كتێب فرۆشی و ناوەندەكانی بڵاوكەرەوەی مۆسیقی لە شارەكانی سنە، پاوە، مەریوان، نۆدشە و هەورامان تەخت دەست دەكەون.




