ئاژانسی كوردپا: شەوی یەكشەممە لە گوندێكی سەر بە بەخشی "هەوەتوو"ی شاری دیواندەرە كوڕێكی گەنج دەستی داوەتە خۆكوژی و گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، عەدنان محەممەدی كوڕی محەممەدعەلی تەمەن 27 ساڵ و خەڵكی گوندی "كانی چەرمووی كەڵەكان"ی سەر بە بەخشی هەوەتوو لە شاری دیواندەرە، شەوی یەكشەممە رێكەوتی 30 لەسەر 1ی خەزەڵوەر بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی خۆی هەڵواسیوە و گیانی لەدسەت داوە.

عەدنان محەممەدی خاوەن بڕوانامەی فەوقە دیپلۆم و سەڵت بووە.

ئەمڕۆ تەرمی ناوبراو بۆ پشکنین رەوانەی پزیشک قانوونیی شاری سنە کراوە.

بەپێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە ماوەی زیاتر لە 7 مانگی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 31 هاووڵاتیی كورد بەهۆی جۆراوجۆر دەستیان داوەتە خۆكوژی و گیانیان لەدەست داوە.

لە كۆی ئەو رێژەیە، 18 كەسیان ژنن و ئەو 13 كەسەی دیكەش لەناو پیاوان دان.

ئەو ئامارە بەپێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا تۆمار كراوە و بێگومان رێژەی راستەقینە لەوەش زیاترە.