ئاژانسی كوردپا: خەڵكی شارەدەێی "راژان"ی سەر بە بەخشی "سیلوانە"ی شاری ورمێ‌ لە ناڕەزایەتی بە كوشتنی لاوێكی كوردی كۆڵبەر داوای مانگرتن و ناڕەزایەتی دەكەن.

بەپێی بانگەوازێك كە خەڵكی شارەدێی راژان بڵاویان كردۆتەوە و نوسخەیەكی بە ئاژانسی كوردپا گەیشتووە، دانیشتوانی شارەكی راژان بەهۆی ناڕەزایەتی بە كوشتن و بریندار كردنی كۆڵبەران و كاسبكارانی كورد و بەتایبەت كوژرانی كۆڵبەری لاوی كورد كە ماوەیەك لەمەوپێش بە شێوەیەكی دڕندانە كوژرا، داوایان لە سەرجەم خەڵكی شاری ورمی و دەورووبەری و بەتایەبت ناوچەكانی تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ و شارەكی راژان كردووە لەو حەرەكەتە بەكۆمەڵ و ناڕەزایەتییە هێمنانەدا بەشداری بكەن.

لەو بانگەوازەدا ئاماژە بە ژیانی هەژاری و دەستەنگیی خەڵكی ناوچە كوردنشینەكان و زەخت و گوشارە ئابوورییەكان و هەروەها و كردەوە و رەفتاری نامرۆڤانەی هێزی نیزامییەكانی حكوومەت لە هەمبەر كۆڵبەر و كاسبكارانی كورد كراوە كە دەبێتە هۆی كوژرانیان.

بەپێی بانگەوازی خەڵكی شارەكی راژان ئەو حەرەكەتە ئیعترازییە بۆ ناڕەزایەتی بە كوشتن و بریندار كردنی بەردەوامی كۆڵبەران و كاسبكارانی كورد بڵاو كراوەتەوە، ئەو ناڕەزایەتیە رۆژی هەینی رێكەوتی 28ی رەزبەر پاش نوێژی هەینی لە ناوچەكانی تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ و راژان بەڕێوە دەچێت.

سه‌رله‌ ئێواره‌ی ٢٢ی ره‌زبه‌ر، له‌ ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری گوندی "راژان"ی سه‌ر به‌ به‌خشی سیلوانه، پۆلێک له‌ کۆڵبه‌رانی کورد درانه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی راسته‌وخۆی هێزه‌ ئینتزامییه‌کانی حکوومه‌تی ئیسلامیی ئێران و له‌ ئه‌نجامدا که‌سێک به‌ناوی "حه‌بیب سه‌عاده‌تیان"، ‌خه‌ڵکی گوندی راژان کوژرا و هاووڵاتییه‌کی دیکه‌ش به‌ناوی "شه‌مسه‌دین کۆڵه‌یی" کوڕی"نه‌عمان" به‌ توندی بریندار بوو.