ئاژانسی كوردپا: بە درووست كردنی بینای پارێزگا ئازەربایجانی رۆژئاوا ژمارەیەك شوێنی مێژوویی شاری ورمێ‌ لە بایەخیان كەم دەبێتەوە و "رێكخراوی میراتی فەرهەنگی و پیشە دەستییەكان"یش لەو پێوەندییەدا بێدەنگە.

هەواڵدەریی میهر بڵاوی كردەوە، كەمتەرخەمیی لێپرسراوانی میرات فەرهەنگی، بۆشایی یاسایی، و بایەخ نەدانی ناوەندە حكوومەتییەكان بۆتە هۆی ئەوەی كەلە شاری ورمێ‌ ئاسەوارە مێژووییەكان لەناو بچن.

بینای مێژوویی شارەوانیی ورمێ‌ و چدندین شوێنی دیكەی دەورووبەری و هەروەها گوڕەپانی "ایالت" بە درووست كردنی بینای پارێزگا، لەناو دەچن.

لێپرسراوی پێشووی میرات فەرهەنگیی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا لەو باوەڕە دایە، بەهۆی ئەوەی كە ئەو شوێنە مێژووییانە هیچ چوارچێوە و دیوارێكی تایبەتیان بە دەورەوە نیە، زۆر بە سانایی لەناو دەچن.

هەر لەو پێوەندییەدا و لە ساڵانی رابردوودا كۆمەلێك خەڵكی هەلپەرست لە ناوچەی ورمێ‌ دەستیان داوەتە دەرهێنان و بەتاڵان بردنی كەلوپەلە مێژوویی و پڕ بەهاكانی گوندی "گوگتەپە"ی سەر بە شاری ورمێ‌ و هەتا ئێستا زۆرێك لەو ئاسەوارانە بە تاڵان براون و لایەنە پێوەندیدارەكانیش لەم بارەوە كەمتەرخەمن و هیچ پەرچەكردارێكیان نەنواندووە.