ئاژانسی كوردپا: رێكەوتی 4ی خەرمانان لاوێكی كوردی دانیشتووی یەكێك لە گوندەكانی سەر بە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكومەتەوە قۆڵبەست و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئومێد رەسووڵپوور كوڕی عەلی و تەمەن 29 ساڵ و خەڵكی گوندی "میراوێ‌"ی سەر بە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزراوە و پاش چوار رۆژ لە گیرانی، هێشتا چارەنووسی نادیارە.

وێڕای ئەوەی كە بەدواداچوونی بنەماڵەكەی بۆ زانینی چارەنووس و شوێنی راگیرانی، هیچ وەڵامێكیان پێنەدراوەتەوە و هەتا كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەمەڕ هۆكاری گیرانی ئومێد رەسووڵپوور زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە 107 هاووڵاتیی كورد لە شوێنە جیاجیاكانی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەتەوە بە تاوانی جۆراوجۆری وەك چالاكیی سیاسی، فەرهەنگی و مافی مرۆڤ دەستبەسەر كراون.

ئەم ئامارە بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە، بێگومان رێژەی راستەقینە لەم ئامارەش زیاترە.