ئاژانسی كوردپا: پاش ئەوەی كە رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 1ی خەرمانان دارستان و ژینگەی گوندی "دەرەوەران"ی سەر بە مەریوان ئاگری تێبەر درا، دوای 72 كاتژمێر لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و ژینگەپارێزانەوە كۆنترۆڵ كرا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، پاش هەواڵ و تەقەلای زۆری ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا، ژینگەپارێزان و خەڵكی خۆجێی ناوچەكە بۆ كوژاندنەوەی سووتانی دارستان و لێڕەوارەكانی گوندی "دەرەوەران"ی سەر بە بەخشی خاوومیراوای مەریوان، توانرا دوای 72 كاتژمێر بكوژێنرێتەوە.
چالاكێكی ژینگەپارێز بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند: "لە جەریانی ئەو ئاگركەوتنەوەدا نزیك بە 60 هێكتار دارستانی بەڕووی ئەو گوندە سووتاوە و تەنانەت ئاگرەكە هەتا 200 میتر كوێستانی هەرێمی كوردستانیشی سووتاندووە كە دواتر كۆنترۆڵاَ كراوە".
ئەو چالاكە ژینگەپارێزە وتیشی: بەهۆی شاخاوی بوونی ناوچەكە كۆنترۆڵ و كوژاندنەوەی ئاگرەكە زۆر دژوار بووە و ئەگەری ئەوەش دەكرێت دووبارە ئاگر بگرێتەوە.
بەپێی زانیاری خەڵكی دانیشتووی ئەو ناوچەیە، ئەو كوێستانە لەلایەن هێزەكانی نیشتەجێی بورجەكێكی بەخشی خاوومیراوا لەسەر سنوور ئاگری تێبەر دراوە.





