كوردپا: جێگری ئیداری و ماڵیی زانكۆی ئازادی ئیسلامیی حكوومەتی ئێران رایگەیاند، كڕینی هەرچەشنە كەلوپەلێكی بیانی بۆ راپەڕاندنی كاری زانكۆ قەدەغەیە.

محەممەد خوجەستە وتیشی: ئەو بڕیارە سەرجەم كەرتەكانی زانكۆ و ناوەندە فێركارییەكانی سەر بە زانكۆی ئازادی ئیسلامیی لەخۆ دەگرێت.

هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی كردەوە، لە بەیاننامەی زانكۆی ئازاددا هاتووە، بە حوكمی ئەوەی ئەمساڵ بەناوی ساڵی "بەرهەمهێنانی میللی، پشتیوانی لە كار و سەرمایەی ئێرانی" ناودێر كراوە، پێویستە سەرجەم كەلوپەلەكانی زانكۆ لە درووست كراوەكانی ناوخۆی ئێران بێت.

خوجەستە ئەوەشی خستە روو، سەرجەم كەلوپەلەكانی "ئامووزشی، پەروەردەیی، عومرانی، تاقیگە و كارگەیی" دەبێ‌لە بەرهەمەكانی ناوخۆی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بن.

شارەزایانی سیاسی و ئابووری لەو باوەڕە دان لە حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بەرهەمێكی ئەوتۆ بوونی نیە و ناودێڕ كردنی ئەمساڵ بەناوە تەنیا شتێكی سیمبۆلیكە.