١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ ئەحمەد تەموویی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سەڵماس کە لە ئێستادا لە بەندیخانەی تارانی گەورەدا بەسەر دەبات، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە سەرجەم سزای ١٥ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی یەک میلیارد و ٢٥٠ ملیۆن تمەن سزای نەختیی بەسەردا سەپێندرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی قازی «ئیمان ئەفشاری» بە تۆمەتەکانی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات» و «هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەک» سەرجەم بە ١٥ ساڵ بەندیخانە و دپێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کراوە و لەسەر بنەمای ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی و ڕێساکانی پەیوەندیدار بە فرەییی تاوانەکان، تەنیا قورسترین سزا (مجازات اشد)، واتە ١٠ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و پێبژاردنی یەک میلیارد و ٢٥٠ ملیۆن تمەن سزای نەختیی بۆ جێبەجێ دەکرێت.
بەرەبەیانیی دووشەممە ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، ئەحمەد تەموویی کە وەک شۆفێری سنەپ لە تاران سەرقاڵی کار بووە، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە پەنابردن بۆ توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا ڕەوانەی بەندیخانەی تارانی گەورە کرا.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠، ئەحمەد تەموویی لە پانزەهەمین ساڵی سزاکەیدا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە ٢ی خەزەڵوەری ١٣٨٦ لە شارستانی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ.
بەڕێز تەموویی دوای چەند مانگ بەندکرانی تاکەکەسی لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپای ورمێ و ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد و ڕێبەندانی ١٣٨٦ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی «موحاربە لە ڕێگەی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)» سزای پانزە ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ورمێی بەسەردا سەپێندرا.
سزای بەندکرانی ئەم بەندکراوە سیاسییە بانەمەڕی ١٣٨٧ لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە و دوای پشتڕاستکردنەوەی سزاکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ دوور خرایەوە.
٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ ئەم بەندکراوە سیاسییە لە لقی سێیەمی دادگای ئینقلابی ورمێ لە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژ بە نیزام» بێبەری کرا و لە دەقی دادنامەکەدا هاتبوو کە «ئەحمەد تەموویی لە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژ بە نیزام لە ڕێگەی گەیاندنی هەواڵ و ئاماری بەندیخانە بۆ ڕاگەیاندنە بیانییەکان، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست بێبەری کراوە و ناکرێت تەنیا لەسەر بنەمای مەزەندە و گومانی ئیدارەی ئیتلاعات، ناوبراو تاوانبار بکرێت».





