كوردپا: دەستنووسی "زەبووری هەقیقەت" كتێبی پیرۆزی پێڕەوانی ئایینی یارسان لە وڵاتی نۆروێژ دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵی رۆژنامەی "كوردستانی نوێ"لە هەرێمی كوردستان دەستنووسی زەبووری حەقیقەت لەلایەن "یار موراد خەڵیفە" وە نووسراوەتەوە و لەلایەن ئەندامێكی ئەو بنەماڵەوە لە نۆروێژ دۆزرایەوە و بۆ كتێبخانەی كوردی لە هەرێمی كوردستان گەڕێنرایەوە.

ئەم كتێبە پیرۆزە ٢٠٩٢ لاپەڕەیە و لە قەوارەی "٣٣×٣٢ cm" و لە ‌ئەشكەوتێكی چیای داڵاهۆی كرماشان ‌نووسراوەتەوە و دواتر لەلایەن "بێهرووز خەلیفە"‌نەوەی نووسەری ئەم دەقەوە‌بە مەبەستی پاراستنی گەیەنراوەتە نۆروێژ.

‌حەمید بەدرخان بەرپرسی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی بەدرخان لەم بارەوە ئاشكرای كردووە، كە "فەرهاد باپیر" نووسەر و هونەرمەندی شێوەكار لە ‌نۆروێژ دەستنووسی ئەم كتێبە دەبینێت و پێیوەندی بە ئێمە و چەند كەسێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستانەوە دەگرێت.

وتیشی: بنەماڵەی نووسەری ئەم دەستنووسە وەك ‌میرات و بەرپرسیار دەڕواننە ئەم بەرهەمە و هیوادارین بەرپرسان لەپێناو بڵاو كردنەوەی ئەم بەرهەمە هەوڵی زیاتر بدەن.

لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی مێژوو و گرینگیی ئەم کتێبەوە دیمانەیەک لەگەڵ نووسەر و لێکۆڵەری ناوداری دیاری کرماشان دوکتور محەمەد عەلی سوڵتانی لە بەشی وتووێژی ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکەینەوە.