ئەگەری ئێعدام کرانی ٨ زیندانیی سووننی مەزهەب لە رەجایی شاری کەرەج

22:28 - 13 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی ٨ هاووڵاتیی سوننی مەزهەبی ئێرانی رەوانەی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی ئێعدامی ٨ کەس لە زیندانیانی سوننی مەزهەب \"بەناوەکانی : پووریا محەممەدی، ئومید پەیوەند، موختار رەحیمی، بەهمەن رەحیمی، محەممەد یاور رەحیمی، شەهرام ئەحمەدی، محەممەد غەریبی و فەرامەرز شا نەزەری رەوانەی دیوانی بەرزی وڵات کرا.

دەگوترێت ئەو ٨ کەسە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کراون و لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.

هەنووکە لە زیندانی رەجایی شاری کەرج ١٤٩ گیراوی پەیڕەوی مەزهەبی سوننی بونی هەیە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٢٠ کەسیان بەتاوانی تەبلغ بۆ مەزهەبی سوونی بە ئێعدام مەحکووم کراون.

رێکەوتی ٧ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا، ٦ زیندانی مەزهەبیی کوردی خەڵکی شاری سنە بەناوەکانی هوشیار محەممەدی تەمەن ٢٣ ساڵ، بەهرام ئەحمەدی تەمەن ٢١ ساڵ، کەیوان زەند کەریمی تەمەن ٢٤ ساڵ، ئەسغەر رەحیمی تەمەن ٢٤ ساڵ، محەممەد زاهیر بەهمەنی تەمەن ٢٣ ساڵ و بێهنام رەحیمی تەمەن ٣١ ساڵ بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دران.