ئەگەری لەناوچوونی داربەڕووەکانی زاگرۆس لە ٥٠ ساڵی داهاتوودا

16:38 - 31 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لەبەڕێوەبەرانی حکوومەتیی وێرای هۆشداری دان سەبارەت بە لەناوچوونی داربەڕووەکانی کوردستان راشیگەیاندووە، هەوڵەکان لەمەڕ پێشگرتنی لەناو چوونی دارستانەکانی زاگرۆس تەنیا وەکوو بیرۆکەیەکی لێهاتووە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: لەدوایین لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر داربەڕووەکانی پارێزگای کرماشاندا دەرکەوتووە کە زیاتر لە ١٥٥ هەزار هێکتار لەو دارانە تووشی مێمڵی \" آفت\"ی \" قارچی زوغاڵی\" بوون.

ئەو جۆرە لەمێمڵە پێستی دارەکان دەکاتە ئامانج و لەگەڵ گەناوە(حشرات) دارخۆرەکانی تر بە هۆکارە سەرەکییەکانی لەناو چوونی داربەڕووەکان لەو چەند ساڵەی دواییدا دێنە ئەژمار.

بەرپرسی بەشی جەنگەڵبانی سەر بە ئیدارەی گشتی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاندووە، لەوەڕاندنی بێجێ، وردیلەکانی تۆز و خۆڵ و چوونە ناو قۆناغی ویشکە ساڵییەوە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لە ناوچوونی لێڕەوارەکانی زاگرۆسن.

هەواڵدەریی فارس لەزمانی حەمید رەزا ئوڵفەتمیرییەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەر ئەو پرسە بەم شێوەیە درێژە بکێشێت لە کەمتر لە ٥٠ ساڵی داهاتوو لێڕەوارەکان لە ناو دەچن.
ئەو لێپرسراوە وتوویەتی: تەنیا رێگای چارەسەریی و پێشگرتن لە لەناوچوونی لێڕەوارەکانی زاگرۆس\"هاوکاری کردنی هاووڵاتیانە لەو پێوەندییەدا\".

رووبەری لێڕەوارەکانی پارێزگای کرماشان ٥٢٧ هەزار و ٤٠٣ هێکتارە، هەروەها بێجگە لە داربەڕوو، جۆرەکانی وەک بادام و هەرمێ و ... لەو لێڕەوارانەدا هەیە.

سەرەڕای بەڵێنییەکانی دەوڵەت سەبارەت بە پێشگیری لە لەناوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس، رەوتی فەوتانی لێڕەوارەکان لەو چەند ساڵەی دواییدا پەرەی سەندووە و بە شێوەیەک کە ئامارە فەرمییەکان باس لە فەوتانی یەک ملیۆن هێکتار لە لێڕەوارەکانی بەڕوو بەرەورووی فەوتانی یەکجارەکی بوونەتەوە.