ئەگەری لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتیی کورد لە ئارادایە

10:59 - 16 رەزبەر 2720

پارێزەری بنەماڵەی "سادق بەرمەکی" هاوولاتیی کوژراوی خەڵکی مەهاباد، باسی لە ئەگەری لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە کرد.

بە وتەی "یوونس محەممەدی" پارێزەری بنەماڵەی سادق بەرمەکی، دۆسیەی بکوژەکانی ئەو لاوە مەهابادییە ڕەوانەی تاران کراوە و لە ئەگەری ڕەوانەکردنەوەی دۆسیەکەیان بۆ بەشی جێبەجێکردنی تاوانکەکان لە دادگوستەریی مەهاباد، ئەگەری هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتووەدا جێبەجیکردنی ئەو حوکمە بە بنەماڵەی بکوژەکان ڕابگەیەندرێت.

ناوبراو زیادی کردووە: "دۆسیەکە دوو ساڵ پێش، پاش داسەپاندنی حوکمی سێدارەی ئەو سێ هاووڵاتییە، ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی تاوانەکان لە دادگوستەریی مەهاباد کرابوو، بەڵام بەهۆی لێماویی دیەکەیان ڕەوتی ئەو دۆسیەیە دواکەوتبوو".

ئەو پارێزەرە هەروەها وتی: "ساڵی ڕابردوو بە یارمەتیی خەڵک پارەی دیەکە کۆ کرابووەوە، بەڵام بەهۆی گیانلەدەستدانی یەکێک لە بکوژەکانی ئەو دۆسیەیە بە ناوی سەید دانیال زەینەلعابدینی لە زیندان، هەنووکە ئەو پارەیە کە لەلایەن بنەماڵەی بەرمەکی و خەڵکەوە کۆ کراوەتەوە لێماوییەکە قەرەبوو دەکاتەوە".

ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ساڵی ٩٦، "دانیال زەینەلعابدینی" بە هاوکاریی ٢ لاوی دیکە بە کوشتنی لاوێکی دیکە بە ناوی "سادق بەرمەکی" تاوانبار و بە ئێعدام مەحکووم کران.

دادگای کەیفەریی شاری مەهاباد ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧ حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر ئەو هاووڵاتییە کوردەدا سەپاند و دواتر ئەو حوکمە لە لقی ٣٧ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە.