ئەگەری قڕتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی زیندانییەکی کورد لە ئارادایە
لە گرتووخانەی ورمێ ئەگەری جێبەجێکردنی قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی زیندانییەک بە ناوی "کەسرا کەرەمی" کوڕی "یەدوڵڵا" و خەڵکی کرماشان لە ئارادایە کە بە تۆمەتی "دزیکردن" لە زینداندایە.
ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ "کەسرا کەرەمی" لەلایەن لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی ورمێ، بە تۆمەتی "دزیکردن" بەپێی یاسای سزای ئیسلامی بە سزای ''حەددی'' مەحکووم کراوە و حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بۆ بڕاوەتەوە، واتە بە شێوەیەک ببڕدرێتەوە کە پەنجە گەورەکەی و بەری دەستی بمێنێتەوە.
ئەو زیندانییە لە کاتی دانپێدانانەکانیدا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی پێویستی و کێشەی ماڵییەوە لە کرماشان هاتووەتە ورمێ و تووشی دزیکردن بووە.
مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٦، دۆسیەی ئەو زیندانییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەی ڕەوانەی لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات کرابوو و خەزەڵوەری ٩٦ لە دیوانی باڵای وڵات تەئید کرا.
دادنامەکانی ئەو زیندانییە بە تۆمەتی "دزیکردن" لەلای ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا پارێزەراوە.
لە ماوەکانی ڕابردوودا، حوکمی قڕتاندنی سێ قامکی دەستی ڕاستی سێ زیندانی بە تۆمەتی "دزیکردن" لە زیندانی ورمێ، بە ناوەکانی "هادی ڕۆستەمی، مەهدی شەرەفیان و مەهدی شاهیوەند" لەلایەن لقی ١٣ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست و ئەو حوکمی بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی نووسینگەی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگوستەریی ورمێ کراوە.
پاش بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ناوەندی میدیایی دەزگای دادوەری بە سەرچاوەی دادگوستەریی ورمێ، ئەم هەواڵەی بە ناڕاست زانی و ئەو جۆرە هەواڵانەی بە "شەپۆلێکی پڕوپاگەندە لە ڕاستای پرۆژەی فەزاسازیی میدیایی ڕۆژئاوا دژی کارەکانی دەزگای دادوەری لەمەڕ بەربەرەکانێ لەگەڵ گەندەڵی و نائەمنی" لەقەڵەم دا.