ئەگری ئێعدام کردنی ٦ زیندانیی کورد لە رەجایی شاری کەرەج

23:09 - 14 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٦ زیندانیی سوننی مەزهەبی کورد لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج کە بە مەبەستی ئێعدام کردن بۆ ژووری تاکەکسیی ئەو زیندانە راگوێزراون، هەڕەشەی ئێعدام کردنیان لەسەرە.

یەکێک لە زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ٦ زیندانیی کورد بەناوەکانی \" حامید ئەحمەدی، کەماڵ مەولایی و سدیق محەممەدی، سەید هادی حوسێنی، جهانگیر و جەمشید دێهقانی(برا)\" بەمەبەستی ئێعدام کردن بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزڵحەسار راگوێزراون.

ئەو زیندانیە گوتیشی، ئەو ٦ زیندانییە بەردەوام لەلایەن بەشی بەڕێوەبردنی حوکمەکانەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە وەسیەت نامەی خۆیان بنووسن و هاوکات خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام ئامادە بکەن.

ئەو ٦ هاووڵاتییە کوردە لە کاتێکدا ئەگەری ئێعدام کرانیان لەسەرە کە پێشتر سکاڵای تایبەتییان لەسەر بووە و هەنووکە رەزایەتیان پی دراوە، بەڵام \"لقی ١ی دادسەرای گشتیی ناحیەی ٣٣ی موقەدەس\" ی شاری تاران سوورە لەسەر ئێعدام کردنی ئەو ٦ کەسە.

هەروەها لە رێکەوتی ٧ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩١دا، ٦ زیندانی سوننی مەزهەبی کوردی خەڵکی شاری سنە بەناوەکانی هوشیار محەممەدی تەمەن ٢٣ ساڵ، بەهران ئەحمەدی تەمەن ٢١ ساڵ، کەیوان زەند کەریمی تەمەن ٢٤ ساڵ، ئەسغەر رەحیمی تەمەن ٢٤ ساڵ، محەممەد زاهیر بەهمەنی تەمەن ٢٣ ساڵ و بێهنام رەحیمی تەمەن ٣١ ساڵ بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان لە زیندانی قزلحەساری کەرەج و بربڕیاری \"لقی ١ی دادسەرای گشتیی ناحیەی ٣٣ی موقەدەس\"ی شاری تارانەوە لە سێدارە دران.

لەلایەکی دیکەوە حوکمی ئێعدامی ٨ هاووڵاتیی کوردی سوننی مەزهەب بەناوەکانی \"شەهرام ئەحمەدی، پووریا محەممەدی، موختار رەحیمی، بەهمەن رەحیمی، محەممەد یاوەر رەحیمی، ئومید پەیوەند، فەرزاد شاەنەزری و محەممەد غەریبی\"، کە رەوانەی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران کرابوو، بۆ لقی ٢٧ی دادگای ئینقلابی تاران گەڕێندراونەتەوە.