ئەندامانی شۆرای ئاوایی شیناوێ دەستیان لەکار کێشایەوە

16:48 - 3 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: پێنج کەس لەئەندامانی شۆرای ئاوایی شیناوێ لەپیرانشار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کەمتەر خەمییە حکوومەتییەکان دەستیان لەکار کێشایەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢ی خەرمانان نامەیەکی دەست لەکارکێشانەوە بە واژۆی سەرجەم ئەندامانی شۆرای ئیسلامی ئاوایی شیناوی گەیشتووە و نامەکەش پێشکەش بە ناوەندە پێوەندیدارەکان کراوە.

فەرمانداریی پیرانشار، نوێنەری خەڵکی پیرانشار لەمەجلیس، ناوەندی کاروباری گوندەکان لەپارێزگاری ورمێ ئەو شوێنانەن کە نوسخەیەک لەنامەکەی بۆ نێردراوە.

لەنامەکەدا باس لەوە کراوە ئاوایی شیناوێ مافی ئەوەی هەیە کە بکرێتە شارە دێ و هەموو ئیمکاناتێکی بۆ دابین بکرێت، بەڵام کەوتووەتە پەراوێزەوە و پشت گوێ خراوە.

خالید ئەحمەد دووست، حامید حەسەنزادە، ناسر یووسفی، واحید موختار و عەلی شیرینی پێنج ئەندامی شۆرای ئاوایی شیناوێن کە نامەکەیان واژۆ کردووە.

ماڵپەڕە ناوچەییەکان تەنانەت باسیان لەوەش کردووە کە لە نامەکەدا باس لە رووداوەکەی قوتابخانەی ئەو ئاواییە کراوە و رەخنە لە بەڵێنییە بێ بنەماکانی بەڕێوەبەرییەکان گیراوە.

١٥‌ی مانگی سەرماوەزی ساڵی١٣٩١‌ی هەتاوی ٣٧ كچە قوتابیی قۆناغی سەرەتایی بە هۆی گڕ گرتنی سۆبەی پۆلەكەیان لە قوتابخانەی گوندی \"شیناوێ\"‌ی پیرانشار، تووشی سووتان بوون و بەو هۆیەوە دوو كەس لەو قوتابییانە بەناوەكانی \"سەیران یەگانە\" و \"سارینا رەسووڵزادە\" گیانیان لەدەست دا.

کچە قوتابیانی گوندی شیناوێ لەساڵی رابردوودا بۆ وەرگرتنی دیەکانیان سێ جار لەبەردەم دەفتەری سەرکۆماریی حکوومەتی ئیسلامی لە شەقامی پاستۆری تاران مانیان گرت و هیچ ئەنجامێکیشی نەبوو.

کچە قوتابیانی شیناوێ، سەرەڕای قەرەبوو نەکرانەوەی خەسارەتی گیانی و ماڵییان و هەروەها خراپ بوونی بارودۆخی جەستەییان، هەتا ماوەیەک لەمەوبەریش (نمازخانە)ی نوێژخانەی قوتابخانەکەیان وانەیان پێ دەگوترایەوە.