ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان/ سەقز_ زیویە و ئەنجومەنی فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی کرماشان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی "مامۆستا"وە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە

11:24 - 13 رەزبەر 2720

لە بەشێکی بەیاننامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان/ سەقز_ زیویەدا، هاتووە: "هەوێنی پەرەپێدانی بەردەوام لە هەر وڵاتێکدا، نیزامی پەروەردە و بارهێنانە و مامۆستا یەکێک لە سەرەکیترین ناوەندەکانی پەروەردەکردنی مرۆڤ بە ئەژمار دێت، دەوڵەتەکان بەرپرسیارن ڕێگا بۆ مامۆستایانی  خاوەن بیر و ڕۆشنفکر بۆ ئەو ناوەندە گرینگە باز بکەن هەتا وەچەیەک پەروەردە بکەن کە بتوانێت جیهان ئاوەدانتر بکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا، هاتووە: "مامۆستایەکی بەتوانا، سەربەخۆ و کەم کێشە وەکوو کاتالیزورێک دەتوانێت ئاسانکاری لە ڕەوتی پێگەیاندن و بارهێنان بکات".

ئەو ئەنجومەنی سێنفییە هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا، سەرەڕای پیرۆزبایی کردنی ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان ڕایانگەیاندووە، لەم هەلومەرجە هەنووکەییەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تەندروستیی هاوکاران و قوتابییانی خستووەتە مەترسییەوە، هەرچی زووتر ڕێوشوێنێکی شیاو لەبەرچاو بگرن، هەروەها بەستێنێکی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی داواکارییەکانی مامۆستایان لەلایەن بەرپرسانەوە بڕەخسێت.

ئەو ئەنجومەنە هەروەها داخوازییەکانیان بەم چەشنە خستووەتە ڕوو: "هەموارکردنی بەستێنێک بۆ دەستەبەرکردنی ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتی، ئازادکردنی هەموو مامۆستایانی زیندانیکراو، دوورکەوتنەوە لە دۆسیەسازی دژی چالاکانی سێنفی و داخستنی دۆسیەی چالاکانی سێنفی، بە فەرمی ناسینی ڕێکخراوی سێنفیی سەربەخۆی مامۆستایان و هەتا دوایی".

لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی سێنفیی فەرهەنگییانی دامەزراو و خانەنشینکراوی کرماشان لە بەیاننامەکەیان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان بڵاویان کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە:

مرۆڤ بە فێربوونی زانست توانیویەتی لە مێتودی ژیان غەریزییەوە بگاتە مێتۆدی ژیانێکی ئاسان، هەموو ئەم پێشکەوتنانەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە دەستهاتووی ئەزموونی زانست و گرینگیدان بەو ئەزموونە و کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی خەڵکانی دیکە بووە.

بەداخەوە سەرەڕای پێشکەوتووە فراوانەکان لە جیهانی پێشکەوتوودا، شێوەی پەروەردە لە وڵاتی ئێمە ئاڵوگۆڕێکی وای بەسەردا نەهاتووە و هەنووکە لە قوتابخانەکان شێوازی وانەوتنەوە "حافزەمەدار" و تەنیا پێداگری لەسەر لەبەرکردن دەکەنەوە و نوێگەرایی لە ئاستی زانست ڕاگیراوە و منداڵانێکی چالاک ڕادەستی کۆمەڵگا ناکەن.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەی ئەنجومەنی سێنفیی فەرهەنگییانی کرماشاندا، هاتووە: "لە نیوەی دووەمی ساڵی ڕابردوو بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بارهێنان و کار و کاسبی تووشی قەیران بووە و سەرەڕای ئەوەیکە زیاتر لە ٦ مانگە بەرپرسان دەرفەتی ئەوەیان هەبووە بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەرنامەڕێژییەکی نوێی بکەن، بەڵام بەداخەوە ڕێگاچارەیان تەنیا ١٥ ڕۆژ، لە کاتی کرانەوەی قوتابخانەکان لە ساڵی نوێی خوێندن بووە کە لەو ماوەیەدا، ژمارەیەک لە مامۆستایان و قوتابییان بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا ڕەوانەی نەخۆشخانەکان و گۆڕستانەکان کراون".

ئەنجومەنی سێنفیی فەرهەنگییانی دامەزراو و خانەنشینکراوی کرماشان، سەرەڕای پیرۆزباییکردنی ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان بە فەرهەنگییان و قوتابییان، داوا لە دەوڵەت و مەجلیس دەکات کە ئەم چەند خاڵەی خوارەوە لە کارنامەی پەروەردە و بارهێنان بگونجێن:

١- کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی پێشکەوتوو لە بارهێنان ٢- هەڵبژاردنی وەزیری پەروەردە و بارهێنان بەپێی پێشینە و ئەزموونی لە پەروەردە و بارهینان ٣- پێدانی پارە و حەقدەستی شیاوی فەرهەنگییان ٤- لابردنی هەڵاواردنی جینسیەتی لە پەروەردەوە و دروستکردنی فەزای وەرزشی بۆ قوتابییان و هەتا دوایی.