٤٥ـەمین کۆبوونەوەی شورای مافەکانی مرۆڤ لە "نەتەوە یەکگرتووەکان" بەڕێوە چوو

10:53 - 8 رەزبەر 2720

ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەر، ٤٥ـەمین کۆبوونەوەی شورای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە چوو کە تێیدا کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ ژنێڤ وتارێکی هاوبەشی له‌سه‌ر پرسی لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا پاش وتارێکی خاتوو "میشێل باشلێ" کۆمیسەری بەرزی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان لە چوارچێوەی بەندی چواری نەتەوە یەکگرتووەکان،  نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان_ ژنێڤ، لە دوو وتاری هاوبەش و جیاوازدا، پرسی لەسێدارەدانی هەڕەمەکی و نایاسایی زیندانییانی سیاسی کورد، مەترسیی خێرای ئیعدامی پێنج زیندانیی سیاسی کورد و کوشتاری کوێرانەی کۆڵبەرانی کوردی باس کرد.

نێوەڕۆکی هەر دوو وتارەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان_ ژنێڤ و ڕێکخراوی نەتەوەیی فەرانسەوەی (پێکەوە خەبات بۆ نەهێشتنی سزای لەسێدارە)؛ وتاری یەکەم (لەسەر سێدارە):

به‌ڕێز سه‌رۆک!

له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان_ ژنێڤ و ڕێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی فرانسه‌وه‌ی (پێکه‌وه‌ خه‌بات  بۆ نه‌هێشتنی سزای له‌سێداره‌)، سەرنجی شورای مافی مرۆڤ ڕادەکێشین بۆ سەر مەترسیی خێرای لەسێدارەدانی پێنج زیندانیی سیاسیی کورد لە ئێران.

ئێمە نیگەرانیی قووڵی خۆمان ڕادەگەیەنین لە پێوەندی لەگەڵ لەسێدارەدانی هەڕەمەکی و نهێنی، نایاسایی و زۆرەملێی زیندانییانی سیاسیی کورد لەلایەن ئێرانەوە.

سەرەڕای داوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرپرسانی ئێران لە مانگی مەی ٢٠٢٠، کۆماری ئیسلامی  "هیدایەت عەبدووڵڵاپوور و ٣ زیندانیی سیاسیی کوردی ئێعدام کرد.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ـەوە دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدانی بۆ پێنج زیندانیی سیاسیی کورد، یەک لەوانە "حەیدەر قوربانی" دەر کرد و لە مەترسیی خێرای ئیعدامدان.

لەسێدارەدانی هاوڵاتییانی کورد بە شێوەی تیرباران و ئێعدامی بە کۆمەڵ و هەروەها نهێنی، ڕاگرتنی زیندانییان و شاردنەوەی تەرمەکانیان وەک ساڵەکانی هەشتاکان، زۆر جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە.

لە کاتێکدا گەلی کورد لە ئێران تەنیا ١٣ لەسەدی دانیشتووانی هەشتا ملیۆنیی ئێران پێک دەهێنن بەڵام ڕێژەی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسیی کورد ٥٥ لەسەدە.

لە کۆتاییدا، داواکارین لە شورای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان گوشار بخەنە سەر ئێران کە کۆتایی بهێنێت بە سیاسەتی سەرکوت و لەسێدارەدانی هاوڵاتییانی کورد و تەرمی ئێعدامکراوەکان بگەڕێنەتەوە بۆ بنەماڵەکانیان و زانیاریی فەرمی لەسەر ئێعدامەکان بڵاو بکاتەوە.

وتاری دووەم لەسەر کوشتاری کۆڵبەران

به‌ڕێز سه‌رۆک!

له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان_ ژنێڤ و ڕێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی فرانسه‌وه‌ی (پێکه‌وه‌ خه‌بات  بۆ نه‌هێشتنی سزای له‌سێداره‌)، سەرنجی شورای مافی مرۆڤ ڕادەکێشین بۆ سەر کوشتاری هەڕەمەکیی کۆڵبەرانی کورد لە ئێران.

ئێمە نیگەرانیی قووڵی خۆمان ڕادەگەیەنین لە پێوەندی لەگەڵ کوشتاری هەڕەمەکی و نایاسایی کۆڵبەرانی کورد لە چوار پارێزگای کوردستانی ئێران کە بەهۆی سیاسەتی تەبعیز و سەرکوت و هەژاری، بۆ بژێویی ژیان، سەختترین ڕێگای پڕ لە مین و مەترسیی مەرگ دەگرنە بەر و کاری کۆڵبەری دەکەن.

وەک لە دواهەمین ڕاپۆرتی ڕێپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران بۆ کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە، لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە زیاتر لە هەزار کۆڵبەری کورد بوونەتە قوربانیی تەقەی هێزە چەکدار و فەرمییەکانی ئێران. هیچ کۆڵبەرێکی کوردی قوربانیی تەقەی چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن دامەزراوە دادوەری و ئیدارییەکانی ئێرانەوە قەرەبوو نەکراونەتەوە. ئایا چ بهانە و هۆکارێک دەبێ تەوجیهی سیاسەتی سەرکوت و کوشتاری هاوڵاتییانی کورد بکات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە؟

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە زیاتر لە ١٤٥ هاوڵاتیی کۆڵبەری کورد بوونەتە قوربانیی تەقەی کوێرانەی هێزە چەکدارەکانی ئێران.

بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان، کەمینەکان مافی پاراستن و حمایەتیان هەیە دژی کوشتار و ژینۆساید.

لە کۆتاییدا، ئێمە خوازیارین لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەرپرسایەتیی خۆیان بە ئەستۆ بگرن، چیدی ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی درێژە بدات بە کوشتار و قەتڵوعامی هاوڵاتییانی کورد و قەرەبووی کوشتاری کۆڵبەران بکاتەوە.