ئەمین ماسووری لە دادگای پێداچوونەوەی لوڕستان بە ٩ مانگ زیندانیی تەعزیری و دانی سزای نەختی مەحکووم کرا

13:30 - 25 بانەمەڕ 2721

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، ئەمین ماسووری، نووسەر، لێکۆڵەر و دانیشتووی "خوڕڕەماوا"ی لوڕستان، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئەو پارێزگایەدا، ٩ مانگ زیندانیی تەعزیری و دانی ٦ ملیۆن تمەن سزای نەختیی بەسەردا سەپاوە.

تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە "پرۆپاگەندە دژی نیزام" لە ڕێگای ئافراندنی بەرهەمی هونەری بە ناوەڕۆکی ناڕەزاەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨، ڕاگەیەندراوە.

ئەمین ماسووری پێشتر لە دادگای سەرەتاییدا، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی خوڕڕەماوا، بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دانی ٨ ملیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ١٢ی سەرماوەزی ٩٩، لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی خوڕڕەماوا، لە ماڵەکەی خۆیدا و بە لێدان و ئەشکەنجە دەسبەسەر کرا.

مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییەدا دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو و هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەوانە مۆبایل، کتێب و ژمارەیەک لە بەرهەمە هونەرییەکەیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

ئەمین ماسوورە، پاش ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی و کۆتایی لێپرسینەوە لە یەکێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی خوڕڕەماوا، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرابوو کە دواتر لە ٢٣ی ڕێبەندانی ٩٩، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی لە زیندان ئازاد کرابوو.

ئەو هونەرمەندە کوردە کە پێشتریش پیشینەی دەسبەسەری و مەحکوومییەتی هەبووە، لە ٢٦ی بەفرانباری ٩٧، لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی خوڕڕەماوا دەسبەسەر کرا.

لقی ٢ی دادگای ئینقلابی خوڕڕەماوا ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ١٥ مانگ زیندانیی تەعزیری و بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەر" بە ٨ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ناوبراو لە ١ی خەزەڵوەری ٩٨ بۆ تێپەڕاندنی حوکمی زیندانییەکی ڕەوانەی زیندانی خوڕڕەماوا کرا کە دواتر لە خاکەلێوەی ٩٩، پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەرچوونی بەخشنامەی لێخۆشبوون، ئازاد کرابوو.