ئەرسەلان هیدایەتی بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی دیزڵاوا ئازاد کرا

10:48 - 5 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەر، ئەرسەلان هیدایەتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری قوروە، بە شێوەی مەرجدار و کارکردنی قورس لە دوایین ڕۆژەکانی زیندانییەکەیدا، لە زیندانی "دیزڵاوا"ی شاری کرماشان ئازاد کرا.

ناوبراو لەو بارەیەوە لە لاپەڕەی ئینیستاگرامییەکەی خۆیدا نووسیوویەتی: "ساڵی ٩٧، بۆ ماوەی ٦٦ ڕۆژ و ئەمجارە بۆ ماوەی ٣٤ ڕۆژ دەسبەسەر  کرام؛کە سەرجەم دەکاتە ١٠٠ ڕۆژ. ٢٠ ڕۆژی کۆتایی ماوەی زیندانییەکەمیان پێیبەخشیم. بەڵام مەرج؛ مەرجدار بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ کرێکاری لە زیندان، لە کاتژمێر ٦ی بەیانی هەتا ٦ی ئێوارە، لە هیچ شوێنێکی دادنامەکەمدا، نەنووسرابوو کە ئێوە بە کارکردنی قورس لە زیندان مەحکووم کراون".

ئەو چالاکە مەدەنییە لە پەیوەندی لەگەڵ ماوەی ١٠ ڕۆژ کاری قورس لە زیندانییەکەی ڕایگەیاندووە: "١٠ ڕۆژی کۆتایی لە دۆزەخێک دابووم بە ناوی بەندی کرێکاری؛ دوو ژووری چووکە لەگەڵ ٣٠ زیندانیی دیکە. بێجگە لە من و پارێزەری بەند و دوو کەسی دیکە، هەموو ئەوانەی دیکە جگەرەکێش و مەوادیی بوون؛ چ نیوە شەوگەلێک نەخەوتووم و ژوورەکەمان بۆنی شاخێک جگەرە و فرمێسکی خوایی کە هیچ کات بە خومەوە نەمدیبوو. ئێرە بەندی کرێکارانی زیندان نییە بەندی پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەرە".

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانان، ئەرسەلان هیدایەتی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی قوروە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی خۆی بە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ناساند.

حوکمی ٣٦ مانگ زیندانیی چوار چالاکی فەرهەنگیی کورد بە ناوەکانی "شەهریار تەهماسبی" خەڵکی کرماشان، "ئەردەشیر موسەوی" خەڵکی کرماشان، "مستەفا باقری ئاشنا" خەڵکی کەنگاوەر و "ئەرسەلان هیدایەتی" خەڵکی قوروە، لە دادگای پێداچوونەوەی کرماشان بۆ ١٦ مانگ زیندان کەم کرایەوە.

حوکمی زیندانیی تەعزیریی هەر کام لەو چوار چالاکە فەرهەنگییە لە دادگای پێداچوونەوەی کرماشان لە ٩ مانگە زیندانیی تەعزیری بۆ چوار مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شارۆخ مورادی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی نەزمی گشتی" ئەو حوکمەی بەسەر ئەو چوار چالاکە مەدەنییەدا سەپاند.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، "شەهریار تەهماسبی، ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری ئاشنا"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و "ئەرسەلان هیدایەتی" ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕی هەمان ساڵ دەسبەسەر کرا.

ئەو چوار چالاکە فەرهەنگییە، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.