ئەحمەد مەمەندی بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە لە ئەنجامی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا

11:25 - 27 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەحمەد مەمەندی" کوڕی حاجی عەزیز خەڵکی گوندی "دەشتێـ"ـی شاری سەردەشت، بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین، لە نەخۆشخانەی ورمێ، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی تەقینەوەی مین سەرەتا هەر دوو لاقی قرتابوو لە ئەنجامدا بەهۆی خوێنڕێژیی زۆرەوە، گیانی لەدەست دا.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە: "ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات لە نزیک کۆنە پایگایەک لە گوندی "پارستان" سەر بەخشی "وەزێنە"ی شاری سەردەشت، تووشی ئەو ڕووداوه بووە".

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، ئەحمەد مەمەندی بەهۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار و دواتر بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندیی دەرمانی سەردەشت کرابوو و پاشان بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە خێزانداره.