ئێعدامی ١١١ ژن لە دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی

12:55 - 19 رەزبەر 2720

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەربەرەکانێ لەگەڵ سزای ئێعدام، لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا، پرژاوەتە سەر لەسێدارەدانی ژنان لە دەوڵەتی حەسەن ڕووحانیدا.

لە ڕێکەوتی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران (٢٤ جۆزەردانی ساڵی ٩٢) و هەڵبژاردنی ڕووحانی وەک سەرکۆمار هەتا ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٩، بەگشتی ١١١ هاووڵاتیی ژن لە ئێران و کوردستان لەسێدارە دراون.

ئەو ڕاپۆرتە بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا بڵاو دەکرێتەوە و ئاماری ڕاستیی زۆر زیاتر لەوە دەتوانێت بێت.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لەم ڕاپۆرتەدا، ساڵی ١٣٩٣ بە ٣٠ ئێعدام، زۆرترین ڕێژەی ئێعدامی ژنان لە دەوڵەتی "حەسەن ڕووحانیـ"ـدا بووە.

لە کۆی ئەو ١١١ حاڵەتەی ئێعدامی ژنان، ١٨ ئێعدامیان تایبەت بە ناوچەکانی کوردستان بووە کە کوردپا دەتوانێت ١٠ حاڵەتیان وەکوو هاووڵاتیی کورد پشتڕاست بکاتەوە.

ئەو ١٨ ژنە لە زیندانەکانی ورمێ، دێزڵاوا، سنە و مەهاباد ئێعدام کراون. شوناسی ٩ کەس لەو ژنانە بەم چەشنەیە: "ناهید غەیاسوەند، ئامینە ئاتووسن، گوڵچین نووری، مەلێحە ساڵحیان، ئاراستە ڕەنجبەر، نازدار وەتەن‌خا، لەیلا زەڕئەفشان، مەلووک نووری و زەینەت سکاوەند".

دوو کەس لەو ژنانە "کودەک موجرم" بوون: "فاتمە ساڵەبەهی کە لە زیندانی عادڵئوای شیراز لەسێدارە درا و زەینەب سکاوەند کە لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا".

تۆمەتی ژنانی لەسێدارەدراو لە دەوڵەتی ڕووحانی:

تۆمەتی تایبەت بە سزای مادەی سڕکەر: ٤٩ حاڵەت

کوشتن: ٥٠ حاڵەت
ناڕوون: ١١ حاڵەت

هەتا ساڵی ١٣٩٧، سزای تایبەت بە مادەی سڕکەر لە سەرەوەی تۆمەتە لێدراوەکانی ژنان بووە و پاش لەوە ئێعدام بە تۆمەتی "کوشتن" زۆرترین حاڵەت لەخۆ دەگرێت.

زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە پلەی یەکەم و ورمێ بە پلەی دووەم، زۆرترین ڕێژەی ئێعدامی ژنان بوون.

لەسێدارەدانی "ڕەیحانە جەبار" یەکێک لەو ئێعدامە پڕدەنگ و هەڵاکان بووە کە بۆ پارێزگاری لە خۆی لە بەرانبەر دەستدرێژیی جینسی تووشی قەتڵی نائەنقەست ببوو.

کۆماری ئیسلامی ڕێکۆردداری ئێعدامی ژنان لە ئاستی جیهاندایە.

ئامادەکردنی: ئەوین مستەفازادە