ئێعدامی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە زیندانی ورمێ

14:46 - 25 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەزگای قەزایی و بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، حوکمی ئێعدام کردنی هاووڵاتییەکی کورد جێبەجێ کرا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ٢٤ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری مەهاباد لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە سێدرا درا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە\"خالید ئەمینی\" خەڵکی شاری مەهاباد ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست ئەو حوکمەی بە سەردا سەپێندراوە.

دوو ڕۆژ پێشتر، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بۆ جێبەجێ کردنی حوکمی لە سێدارەدان، بۆ ژووری تاکەکەسی گواستبووەوە.

پێشتر ئەو هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ براکەی ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژ بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوونەوە، بەڵام دواتر بە هۆکاری نادیار حوکمەکەیان وەدوا خرا.

فەتاح ئەمینی برای خالید ئەمینی سەرەتای مانگی گەلاوێژ لەگەڵ دوو کەسی دیکەی خەڵکی شاری ورمێ ئێعدام کرابوون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو، ١٧ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی\"حەمزە ڕەحیم پوور\" لە زیندانی ناوەندیی شاری زەنجان لە سێدراە درا.

بە ئێعدام کردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، کەمتر لە یەک حەوتوودا، دوو هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ئێران لە سێدرا دراون.