ئێعدامی تاوانبارانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر، ناڕەزایەتی لێ کەوتەوە

15:26 - 8 رەشەمه 2716
ئاژاسی کوردپا: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمە، هەندێ لە دژبەرانی سزای ئێعدام بۆ تاوانبارانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان دەڕبری.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، بنەماڵەی تاوانبارانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر خوازیاری کەم کردنەوەی ئەم سزایە لەسەر تاوانباران بوون.

یەکێک لە بەشداربووان لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەدا بە هەواڵدەریی \"ئیرنا\"ی ڕاگەیاندووە کە؛ \"ئێمە لە مەجلیسی حکوومەتی ئێران داوای جێگرکردنی سزایەکی سووکتر بەجێگای سزای ئێعدام بۆ تاوانبارانی مادەی هۆشبەر دەکەین\".

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی \"ئیلنا\" بڵاوی کردووەتەوە کە؛ لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێرانەوە هاووڵاتیان لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەدا لە تاران، بەشدارییان کردووە.

مەجلیسی حکوومەتی ئێران سەرقاڵی تاوتۆێ کردنی گەڵاڵەیەکە کە تێیدا سزای ئێعدامی تاوانبارانی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەر، بە هاوسەنگییەکی زیاتر بگات.

هەروەها خۆپیشاندەران لەسەر پلاکاردەکانیان نووسیویانە کە؛ \"خستنە ژێرگوشار زیاتر بێت، بەڵام ئێعدام دوایین ڕێگا بێت\".

بەپێی گەڵاڵەی مەجلیسی حکوومەتی ئێران کە لە کۆمیسیونی دادوەریی ئێران تاوتۆێ کراوە، تەنیا بۆ قاچاخچیەکان و تاوانبارانی بەپێشینەی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای ئێعدام دەربکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئێعدامەکان لە ئێران، تاوانبارانی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان دەگرێتەوە و وڵاتی ئێران زۆرترین ڕێژەی ئێعدامی لە نێوان وڵاتانی هاوشێوەدا بۆخۆی تۆمار کردووە.