٢٥٦ ئێعدام لەوانە ئێعدامی ٣٧ زیندانیی کورد لە ئێران لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩دا

13:47 - 12 خاکەلێوه 2721

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا، لە یەک ڕشتە ڕاپۆرتێکی جیاکردنەوە ـــ ئاماریدا، بەرچاوترین حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩دا، دەخاتە بەر باس.

ناوەندی ئاماری کوردپا لە ڕاپۆرتی پێنجەمی خۆیدا، ئێعدامەکان لە ئێران و کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، دەخاتە ڕوو.

ئەم ئامارە بە پشتبەستن بە حاڵەتەکانی تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە و لەوانەیە ئاماری ڕاستەقینە، بەنیسبەت ئەم ڕێژەیە زۆر لەسەرەوەتر بێت.

ڕێژەی ئێعدام لە ئێران لە ساڵی ١٣٩٩دا: ٢٥٦ حاڵەت

ڕێژەی ئێعدامی هاووڵاتییانی کورد: ٣٧ حاڵەت

بەپێی ئەم ئامارە؛

٢٥٦ حاڵەتی سزای ئێعدام لە ساڵی ١٣٩٩ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

لە ساڵی ١٣٩٩دا، زیندانییەک لە فیرورقی شاری خۆی، لە بەرچاوی خەڵکدا ئێعدام کراوە.

٣ کەس لە ئێعدامکراوان، تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. (شایان سەعیدپوور، ئەرسەلان یاسینی و حەسەن ڕەزایی). شایان سەعیدپوور و ئەرسەلان ئاسینی هەردووکیان هاووڵاتیی کورد بوونە.

لە ٢٥٦ کەس لە ئێعدامکراوان، ٩ کەسیان ژن بوونە.

ڕێژەی ئەو کەسانە کە شوناسی نەتەوەییەیان ڕوونە، ٣٧ کەسیان کورد، ٢٣ کەسیان بەلووچ و ٥ کەسیان هاووڵاتیی عەرەب بوونە.

هەروەها وێڕای ئێعدامکرانی ٣٧ هاووڵاتیی کورد، ئێعدامی ٨ کەسی دیکەش لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کراوە کە بەهۆی ئەوەیکە شوناسی نەتەوەییان ناڕوونە و هەروەها ڕوون نییە کە خەڵکی چ شارێکن، بە شێوەی جیا لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان پێ کراوە.

بەو پێیە، ٤٥ حاڵەتی ئێعدام لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا ڕووی داوە کە کوردپا بە ڕوونی کوردبوونی ٣٧ کەس لەو ٤٥ هاووڵاتییە، پشتڕاست دەکاتەوە.

 

ئێعدامی زیندانییان بە تۆمەتی سیاسیی، عەقیدەتی(باوەڕی) و سیخووڕی لە ئێراندا؛

ئێعدامی ١٢ زیندانیی سیاسی، ٤ زیندانیی سیاسیی کورد،(هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، سابیر شێخ عەبدوڵڵا، دیاکۆ ڕەسووڵ‌زادە و مستەفا سەلیمی)، ٣ زیندانیی سیاسیی بەلووچ (جاوید دێهقان، عەبدولحەمدی بەلووچ‌ زێهی و عەبدولباست دەهانی)، ٤ زیندانیی سیاسیی عەرەب (جاسم حەیدەری، عەلی خوسرەجی، حوسێن سیلاوی و ناسر خەفاجییان) و ڕوحوڵڵا زەم

ئێعدامی ٥ زیندانیی سوننی مەزهەب لەوانە ٢ زیندانیی بەلووچ (حەمید ڕاست باڵا، کەبیر سادەت جەهانی، محەممەدعەلی ئارایش، ئەلیاس قەلەندەرز‌ێهی و عەلی دەواری)

ئێعدامی ٢ زیندانی بە تۆمەتی (محاربە) دژایەتیکردن لەگەڵ خودا (نەوید ئەفکاری و عەلی مۆتیری)

ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد؛

ئێعدامی ٣ زیندانیی سیاسیی کورد (هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ‌زادە)

ئێعدامی مستەفا سەلیمی بە تۆمەتی قەتڵ و ئەمنییەتی

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور زیندانیی سیاسیی کورد کە پاش نزیکەی ٢ مانگ (ناپدیدسازی قهری)، لە یەکێک لە پادگانەکانی شنۆ بەشێوەی تیرباران ئێعدام کرا.

ئێعدامی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە، بەشێوەی گرووپی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان جێبەجێ کراوە.

سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر زیندانییانی سیاسیی و عەقیدەتی؛

شاکر بێهرووزی، زیندانیی سیاسی، ٢ جار بە ئێعدام محکووم کرا.

مەحیەدین تازەوارد، زیندانیی عەقیدەتی بە ئێعدام مەحکووم کرا.

حوکمی ئێعدامی ٢ زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، مەحیەدین ئیبراهیمی و حەیدەر قوربانی، لە دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

لەبارەی ئێعدامی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩دا، ٣١ کەس بە تۆمەتی قەتڵ، ٢ کەس بە تۆمەتی قاچاخی مادە سڕکەرەکان، ٣ زیندانیی سیاسی و هەروەها ١ زیندانی بە تۆمەتی سیاسیی و قەتڵ، ئێعدام کراون.

خشتە

زیندان و شوێنی ئێعدامکرانی زیندانییان لەلایەن حکوومەتی ئێران لە ساڵی ١٣٩٩دا 

 تەنزیم: ئەوین مستەفازادە