ئێران/لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٥ ژن لەسێدارە دراون

12:55 - 31 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا سزای لەسێدارەدانی ١٥ ژن لە زیندانەکانی وڵاتی ئێراندا بەڕێوە چووە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە (١٣٩٣) هەتا کۆتایی مانگی خەرمانان، ١٥ ژن لە زیندانەکانی زاهیدان، ورمێ، وەرامین، رەشت، ئامول، بیرجەند و کەرەج لەسێدارە دراون.

بەپشت بەستن بەو ئامارە، زیندانی ناوەندیی زاهیدان بە ٥ حاڵەت زیاترین حاڵەتی لەسێدارەدانی ژنانی تێدا تۆمار کراوە و زیندانەکانی بیرجەند و ورمێ بە ٤ حاڵەت و ٢ حاڵەت لە ریزی دووەم و سێیەمدان.

زیاترین حاڵەتی لەسێدارەدان لەمانگی خەرماناندا بووە

\"22228.jpg\"
نزیک بە یەک لەسەر سێی ئەو ژنانەی کە لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٩٣ سزای سێدارەکەیان جێبەجێ کراوە، لەمانگی خەرماناندا لەسێدارە دراون.

لەمانگی خەرماناندا، سزای سێدارەی ٦ ژن لە بەندیخانەکانی زاهیدان، رەشت و قەرچەکی وەرامین جێبەجێ کراوە کە شووناسیان بۆ میدیاکان ئاشکرا نەبووە.

رۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، ٤ ژن لە زیندانی بیرجەند، کە شوناسیان رانەگەیەندراوە، بە تۆمەتی \" بازرگانی بە ماددە سڕکەرەکان\" لەسێدارە دران .

رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ١ی جۆزەردان، دو ژن لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بەناوەکانی \"ئامینە توسەن\" و \"گوڵچین نوری\" بە تۆمەتی \"کڕین و فرۆشتنی مادە سڕکەرەکان\" لەسێدارە دران.

هەروەها رێکەوتی ٧ی جۆزەردان، ژنێکی دیکە بەناوی کورتکراوی \" س . ت\" لە زیندانی ئامول لەسێدارە درا.

سەرلەبەیانی رۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، ژنێک بەناوی \"بێهجەت\" و رۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ ژنێکی دیکە کە شوناسی بۆ میدیاکان ئاشکرا نەبووە، لەزیندانەکانی رەجایی شاری کەرەج و زاهیدان لەسێدارە دران.

زۆربەی حاڵەتەکانی لەسێدارەدان بەهۆی کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان بووە

بەپێی ئەو راپۆرتە، ١١ حاڵەت لەو حاڵەتانەی کە لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٩٣دا تۆمار کراوە بەتۆمەتی \"کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان\" و لە زیندانەکانی زاهیدان، بیرجەند و ورمێ و ٤ حاڵەتیش بە تۆمەتی \"کوشتنی ئەنقەست\" لە زیندانەکانی دیکە لەسێدارە دراون.

سزای لەسێدارەدانی ٤ ژن لەماوەی ١٠ رۆژدا و لەرێکەوتی ١٩ی خەرمانان هەتا ٢٩ خەرمانان، لەزیندانەکانی وەرامین، رەشت و زاهیدان جێبەجێ کراوە.

کەڵک وەرگرتن لەم راپۆرتە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوەکەی (ئاژانسی کوردپا) رێگەپێدراوە.