ئێران/ ڕووداوی هاتووچۆ لە ٥ مانگی سەرتای ئەمساڵدا، نزیکەی ٧ هەزار کەس قوربانی لێ کەوتووتەوە

14:02 - 12 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە جاددەکانی ئێران لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٦٩٥٦ کەس گیانیان لە دەست داوە.

هەواڵدەریی \"ئیسنا\" لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، کە لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نزیکەی٧٠٠٠ هەزار کەس لە ئێران بوونەتە قوربانی ڕووداوی هاتووچۆ.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لە کۆی گشتی ڕووداوی هاتووچۆ لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٥٤٥٠ پیاو و ١٥٠٦ ژن بوونەتە قوربانی و گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ئاماری ئەو سەرچاوەیە، لەو ماوەیەدا لە کۆی گشتی قوربانیان ١٩١٦ کەس لە ناو شارەکان، ٤٥٧٠ کەس لە جاددەکانی دەرەوەی شارەکان، ٤٥٦ کەس لە گوندەکان و ١٤ کەس لە ڕێگا نادیارەکان گیانیان لە دەست داوە.

پارێزگاکانی فارس، تاران و خوراسانی ڕەزەوی زۆرترین ئاماری گیان لە دەستدانی ڕووداوی هاتووچۆیان بووە و پارێزگاکانی ئیلام، کەهگیلوویە و بویر ئەحمەد، ئەردەبێڵ و ئەلبۆرز، کەمترین ڕێژەی گیان لە دەستدانی ڕووداوی هاتووچۆیان بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو هەواڵدەرییە، لە ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٤٧ هەزار و ٧٧١ برینداری ڕووداوی هاتووچۆ هەبووە، کە سەردانی ناوەندی پزیشکی یاسایان کردووە، کە لەو ڕێژەیەدا ١٠٦ هەزار و ٦٦ کەسیان پیاو و ٤١ هەزار و ٧٠٥ کەسیان ژن بووە.

هەروەها لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، ١٥٩٣ کەس (١٢٤١ پیاو و ٣٥٢ ژن) لە ڕووداوی هاتووچۆ لە ئێران گیانیان لە دەست داوە و ٣٣ هەزار و ٤٩٨ کەسیش بریندار بوون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بە هۆی ناستانداردیی ڕێگەوبانەکان و پرتووکاو بوونی ماشینەکان لە ئێراندا، ساڵانە لە نێوان ٢٠ هەتا ٣٠ هەزار کەس بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوەوە گیانیان لەدەست دەدەن.