ئێران/ ناسنامەی کاناڵە تێلگرامییەکان دەستنیشان دەکرێت

20:50 - 9 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: بۆ هەرچی زیاتر کونتڕۆڵکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکان، دەستکرا بە ناونووس کردنی خاوەنی کاناڵە تێلگرامییەکان لە ئێراندا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژی ڕابردووەوە دەستکراوە بە ناونووس کردنی خاوەنانی ئەو کاناڵە تێلگرامیانەی کە سەرووی ٥ هەزار ئەندامیان هەبێت.

ئەو بڕیارە ماوەیەک پێش ئێستا لە لایەن شۆرای بەرزی فەزای مەجازی کە عەلی خامنەیی پێکهێنەریەتی، دراوە.

ماڵپەڕێکی سەر بە وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی شوێنی ناونووس کردنی ئەدمینەکانی سەر بە تۆڕی پەیامۆکی تێلگرامە، و دەبێ تاکوو ٧ی مانگی ڕێبەندان ناسنامەی تەواوی خاوەن کاناڵە تێلگرامییەکان دەستنیشان بکەن.

پێشتر بەرپرسێکی وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشاد سەبارەت بەم بڕیارە وتبووی کە ئەمە داخوازی ئۆرگانە دەوڵەتییەکان، کەسایەتییەکان و یەکیەتییەکانە بۆ پێشگرتن لە درووستکردنی لاپەڕەی ساختە.

پێشتر تۆڕی پەیامۆکی تێلگرام لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە هەڕەشەی ئەوەی لێکرا کە ئەگەر زانیاریی کاربەرانی ئێرانی نەنێرێتە نێوخۆی وڵات ئەوا لە ئێراندا دادەخرێت.

بە هۆی فیلتێرینگی فەیسبووک و تویتێر لە ئێراندا، تێلێگرام بە شێوەی بەربڵاو کەڵکی لێوەردەگیرێت و بەپێی ئامارە نیوەفەرمییەکان؛ زیاتر لە ١٧٠ هەزار کاناڵی زمانی فارسی لە تێلگرامدایە کە ١١ هەزاریان سەرووی ٥٠٠٠ ئەندامیان هەیە.
نزیک بە ٢٠ میلیۆن ئێرانی ئەندامی تێلگرامن.

هەواڵنێرانی بێسنوور(RSF) باس لەوە دەکات کە ئێران بە ٢٩ ڕۆژنامەوان و هاووڵاتی ـ هەواڵدەری زیندانی، یەکێک لە پێنج زیندانی گەورە بۆ چالاکانی ڕاگەینەرەکانە.