ئێران/ میواندارانی ناو گەشتە ئاسمانییەکان بە حیجابی زۆرەملێ ناڕازین

21:23 - 16 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: ژنانی خزمەتکار لە گەشتە ئاسمانییەکانی شیرکەتی فڕۆکەوانی فەرانسە، کەڵک وەرگرتن لە حیجابی ئیسلامی لە کاتی نیشتنەوە لە ئێراندا، ڕەت دەکەنەوە.

بە پێی هەواڵە بڵاوبووەکان، نووسراوەیەکی بەڕێوەبەری \"ئێرفرانس\" سەبارەت بە \"ڕچاوکردنی شیاوییەکانی ئیسلام\" لە سەفەر بۆ ئێران، نیگەرانی و ناڕەزایەتی کۆمەڵێک لە میواندارانی ژنی بەدواوە بووە.

ژنانی میواندار دەڵێن کە؛ نایانهەوێت ڕووسەری زۆرەملێ لەسەر بکەن و شتی ئاوەهاش دەبێ بە ویست و خواستی کەسەکان بێت.

ڕۆژنامەی دەیلی تلێگراف نووسیویەتی: میواندارانی شیرکەتی فڕۆکەوانی \"ئێرفرانس\" داوایان کردووە کە مافی ئەوەیان بێ لە گەشتەکانیان بۆ ئێران پاشگەز ببنەوە چوونکە ناچارن کە لە ئێران حیجابیان هەبێت.

یەکیەتیی سنفی میواندارانی فەرانسەوی پاڵپشتی خۆی لەدواکاریی ژنانی ناڕازی دەربرێوە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتی تەلەفیزیۆنی فەرانسە، بەرپرسانی یەکیەتیی سنفی میواندارانی فەرانسەوی و کۆمیتەی \"تەندروستی و ئیمەنی شوێنی کار\" دانیشتنێکی کورتیان بۆ گەیشتن بە \"سازان\" دەست پێکردووە کەتائێستا ئاکامێکی نەبووە.

هەروەها بەرپرسی یەکیەتیی فەرمانبەرانی شیرکەتە فڕۆکەوانییەکانی فەرانسە بە هەواڵدەرییەکانی وتووە: هەر ڕۆژ بەشێک کە میوانداران بە نیگەرانییەوە پێوەندیمان پێوە دەگرن و دەڵێن کە ئامادە نین ڕووسەری بەسەردا بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، یەکیەتیی ناوگانی هەوایی مەدەنیی فەرانسە(یوناک) بەتەمایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەبارەت بەو بڕیارە، هۆشداری بداتە وەزیری مافی ژنان لە کابینەی دەوڵەتدا.

ئەو بڕیارە داوا لە ژنانی خزمەتکار دەکات کە پانتۆڵ، کراسی درێژ و سەرپۆشێک کە قژەکانیان داپۆشێ، لەبەر کەن و ئەمەش بڕیارێکی ئیجبارییە.

ئێرفرانس لە کۆتایی مانگی خاکەلێوەدا و پاش گەماڕۆ نێودەوڵەتییەکانی ساڵی ٢٠٠٨، گەشتی ڕاستەوخۆی بۆ تاران دەست پێدەکاتەوە.