ئێران/ ماددە سڕکەرەکان، گیانی ٢٩٠٠ کەسی ئەستاندووە

16:49 - 1 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە یەک ساڵی رابردوودا بەهۆی بەکار هێنانی ماددەی سڕکەر لە ئێراندا، ٢هەزار و ٩٨٦کەس گیانیان لە دەست داوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی رابردوو ٢هەزار و ٩٨٦کەس بە هۆی بەکار هێنانی ماددە سڕکەرەکان گیانیان لە دەست داوە و ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار، لە سەدا یەک زیادی کردووە.
لە کۆی ئەم ئامارە،٢ هەزار و ٦٩١ کەس پیاو و ٢٩٥ ژنن.

رێکخراوی پزیشکی قانوونی ئێران سەبارەت بە تووشبووانی ماددەسڕکەرەکان رایگەیاند: لە ساڵی رابردوودا(٩٣) پارێزگاکانی تاران، خۆراسانی رەزەوی، فارس و ئەسفەهان زۆرترین ڕێژەی گیان لە دەستدانیان بوو، بەڵام پارێزگاکانی تر وەک بووشهر و خۆراسانی باکوور و ئازەربایجانی رۆژئاوا رێژەیان کەمتر بووە.

لە ساڵی ٩٣دا، ئاماری ئەو کەسانەی کە ماددە سڕکەرەکان بەکار دێنن رووی لە بەرز بوونەوەیەو بە شێوەیەک کە ئاماری گیان لە دەست دانی تووشبووان لەسەدا یەک زیادی کردووە بەڵام ئاماری ئیعتیاد لە ناو ژناندا لە گەشەی ٢٨.٣ بەرەو رووە.

لە ٥ ساڵی رابردوودا هەموو رۆژێک ٧٠ کەس بە رێژەی تووشبووانی ماددە سڕکەرەکان لە ئێران زیاتر دەبێ.

پێشتر، هەواڵدەریی مێهر لە زاری بەرپرسی گشتی دەفتەری خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکانی وەزارەتی تەعاون، کار و خۆش بژێوی کۆمەڵایەتی رایگەیاندبوو: ٤٤%دەستگیرکراوەکان بە شێوەی راستەوخۆ ١٩% بە شێوەی ناراستەوخۆ لە پێوەندی لەگەڵ ماددەی سەڕکەری وەک تریاک بووە.

بە وتەی روزبە کردوونی، ٤٢%لە مەسرەفی جیهانی و ١٣% بەکاربەرەکانی جیهان لە ئێران دایە کە هۆکاری سەرەکی ٥٠%تەڵاق و٢٠%کوشتن بووە.
تەمەنی بەکاربەرانی ماددە سڕکەرەکان لە ساڵی٨٦ لە نێوان ٢٣تا ٢٤ ساڵ بووە کە لە ماوەی ٦ساڵدا گەیشتووە بە ٢١ساڵ.

ئامارە نافەرمییەکان دەڵێن زیاتر لە ٤میلیون کەس لە ئێراندا مۆعتادن و هەزاران کەسیتر بە شێوەی تەفریحی کەڵکی لێوەردەگرن، ئەمە لە حاڵێکدایە کە قایم مقامی ناوەندی پێشگرتن لە ماددەسڕکەرەکان دەڵێ زیاتر لە یەک میلیون و ٣٢٥هەزار تووشبوو بە ماددەسڕکەرەکان هەیە.