ئێران/ لەکارخستنی سانتریفیوژەکان دەستی پێکرد

15:49 - 26 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕێککەوتنی نێوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و گرووپی ٥+١ لە ئەمڕۆوە و بە هەوڵدانی هاوبەشی دوو لایەن، دەخرێتە بواری جێبەجێ‏کردنەوە.

میدیا نێونەتەوەییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەمڕۆ، یەکشەممە ٢٦ی ڕەزبەر، ئەندازیارانی ناوکی لە ئێراندا، بە مەبەستی جێبەجێ‏کردنی ڕێککەوتنی ناوکی،کاری هەڵگرتنەوەی ١٢ هەزار سانتریفیوژیان لە بنکە هەستەییەکانی ئەو وڵاتە دەست‏پێکرد.

سێ مانگ پێش ئێستا شورای ئەمنیەت دەنگی ئەرێی بە ڕێککەوتنی ناوکیی نێوان ئێران و گرووپی ٥+١ دا و لایەنەکان لە ئەمڕۆوە بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان چوونە قۆناغی جێبەجێ‏کردنەوە.

ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، ئەم هەوڵەی ئەندازیارانی ئێرانی بە \" یەکێک لە گەورەترین و ئاڵۆزترین گەڵاڵەکانی هەڵگرتنەوەی دامودەزگا ناوکییەکان لە مێژووی جیهاندا\" لە قەڵەم داوە.

هەروەها بە زوویی زیاتر لە ١٢ تەن یۆرانیۆم بە وزەی کەمەوە _ ٩٨% پاشکەوتی هەبوو _ بە کەشتی لە ئێرانەوە دەچێتە دەرەوە و ناوەندی ناوکیی رێئاکتۆری پۆلۆتۆنیۆمی ئەراک تێك‏دەڕووخێندرێت.

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان کە بە مەبەستی بەشداری کردن لە دانیشتنی ئەمنیەتیی مونیخ لەتاراندایە، هەواڵی چوونە بواری جێبەجێ‏کردنی ئەو ڕێککەوتنەی ڕاگەیاندووە.

شتان مایێر گوتوویە: \" ئێران ئێستا دەبێ نیشانی بدات کە ئامادەیە بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات. متمانە پێکردن باشە. کۆنتڕۆڵ باشترە، گەمارۆکان تەنیا لەکاتێکدا هەڵدەگیرێنەوە کە بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن\".

لە هەوڵەکانی دیکەی ئێران بە مەبەستی گەیشتن بە بۆچوونەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی و ڕەنگدانەوەی هاوکاریی ئیران، لە ڕاپۆرتی ٢٦ی سەرماوەزی ئەمساڵی شورای حوکام، کەم‏کردنەوەی سانتریفیوژەکانی بنکەی ناوکیی \"فەردۆ\"یە لە ٣ هەزارەوە بۆ هەزار سانتریفیوژ.

ماڵپەڕی \"عصر ایران\" لەو پەیوەندییەدا نووسیویە، \" گرینگترین بەربەست بۆ هەڵگرتنی ئەو هەنگاوانەی کە بڕیارە لە ئەمڕۆوە هەڵبگیردرێت، مەسەلەی \" نەبوونی متمانە\"یە.

سەرەڕای دەستپێکردنی ئەو ڕەوتە لە ئێراندا و هەوڵی کردەیی لایەنی ٥+١ بە مەبەستی لابردنی گەمارۆکان، دوو بابەتی گرینگ سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ئێران لە ئارادایە.

بابەتی یەکەم ئەوەیە کە ئێران لە سەبارەت بە هەوڵە گوماناوییەکانی خۆی لە ڕابردوودا چۆن لەگەڵ ئاژانسی وزەی نێونەتەوەیی هەڵسوکەوت دەکات و دووهەمیش، چۆنیەتی هەڵسوکەوتی ئێران لەگەڵ داواکاریی پشکێنەرانی ئاژانسی وزەی ناوکییە.

پێنج‏شەممەی حەوتووی ڕابردوو، کۆتایی ئەو ئۆلتیماتۆمە بوو کە سەبارەت بە وەڵامدانەوە بە \"١٢ هەوڵی گوماناویی ناوکی\" بە حکوومەتی ئێران درابوو.