ئێران/ لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیک بە ١٠ هەزار کەس لە رووداوی هاتووچۆدا کوژراون

14:54 - 23 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ٦ مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا نزیک بە ١٠ هەزار هاووڵاتیی ئێرانی بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لە وڵاتەدا، بوونەتە قوربانی.

ماڵپەڕی پزیشکی دادوەریی ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی خەرمانان، ٩ هەزار و ٩١١ هاووڵاتیی ئێرانی لە ئەنجامی رووداوەکانی هاتووچۆ و ناستانداردیی رێگە و بان‌دا، گیانیان لەدەست داوە کە ٥٦،١ لەسەدی ئەو کەسانە تەمەنیان لە نێوان ١٨ هەتا ٤٩ ساڵدا بووە.

بە پێی ئاماری ئەو ناوەندە، ٧٦،٧ قوربانیان پیاو و ٢٣،٣ لە سەدی قوربانیان ژنان بوون کە ٦٤ لەسەدی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رێگە و بانی دەرەوەی شارەکان بوون کە ۵۱٫۶ ئەو کەسانە دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکان گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها بە پێی ئەو ئامارانەی کە رێکخراوی پزیشکیی جیهانی بڵاوی کردۆتەوە، وڵاتی ئێران بە ئاماری نزیک بە ٥٠ کوژراو لە هەر ١٠٠ هەزار کەسدا، لە ریزی وڵاتانی ناوچەی سوور (مەترسیدار) بۆ شۆفیری ماشێن، لە قەڵەم دراوە، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ئەو ئامارە پێشتر ٣٥ کەس لە هەر ١٠٠ هەزار کەس بووە.

بە پێی ئاماری رێکخراوی پزیشکیی جیهان و هەروەها پزیشکی دادوەریی ئێران لەمەڕ رووداوی هاتووچۆی جاددەی نێوان شارەکان، ناستانداردیی رێگە و بان هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانی هاتووچۆ و گیان لەدەست دانی هاووڵاتییان بووە.

هەروەها راپۆرتی ناوەندە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران باس لەوە دەکەن کە ماشێنەکانی پژۆ ٤٠٥، پراید و پەیکان بە ریز ئەو ماشێنانە بوون کە زۆرترین رۆڵیان لە رووداوەکانی هاتوچۆ و قوربانی کردنی هاوولاتییاندا هەبووە.