ئێران/ دۆخی ژنانی کوردی زیندانی گەلێک لەوانی‌تر خراپترە

14:21 - 4 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ئێستادا ١٦ ژن و کچی کورد لە گرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بەتاوانی چالاکی سیاسی زیندانی کراون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنانی زیندانی سیاسی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران دۆخێکی زۆر خراپتریان لە باقی زیندانیان هەیە و ڕۆژانە بەرەوڕووی سووکایەتی، بێ رێزی و جوێندان لەلایەن بەرپرسانی دادوەری و ئینتیزامی دەبنەوە.

هاجەر پیری، سوودابه حەسەن‌خانی، سوهەیلا مینایی، فەریده خۆشنام، ئەفسانه بایەزیدی، گوڵناز ئاهەنگخۆش، رازیه حەکیمی، ڕۆژین پایا، قەدریه قادری، ئەسرین ئەمینزاده، سافیه سادقی، شهلا موحمەدیانی، لاوێن کەریمی، پەرستوو حاجیان، زەینەب جەلالیان، مریەم موقەدەسی ناوی ئەو ١٦ ژنە گیراوانەن.

ئەو ژنانە، زۆربەیان لە کوردستان دوورخراونەتەوە و لەهەر چەشنە چاوپێکەوتن، مرەخەسی و بوونی پارێزەر بێ بەش کراون و سەرەڕای بڕینەوەی سزا بەڵام ڕۆژانە لە گرتووخانەکاندا تووشی لێپێچینەوە و ئازاردان دەبنەوە.

دوانزدە کەس لەو ژنانە سەرجەم بە ٩٤ ساڵ زیندانی حوکم دراون و سێ کەسی دیکەش لە بلاتەکلیفیدان و کەسێکی دیکەش سزای هەتاهەتایی هەیە.

هەروەها ئەوان پاش دەستبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە، بۆ ماوەی چەندین حەوتوو لە ژووری تاکەکەسی ناوەندە ئەمنییەکان ڕاگیراون و دۆسیەی سیاسی ـ ئەمنییان بۆ درووست کراوە.

لەنێو ئەو ژنانەدا، ٣ کەسیان خوێندکار، یەک کەسیان ئەندازیاری کامپیۆتێر و یەک کەسی دیکەش مافناسە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا؛ \"هەوڵی هۆڤانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دژبە ژنانی زیندانی و داکۆکیکارانی مافی ژنانی\" مەحکووم کرد.

دەقی ڕاپۆرتی ئامادەکراوە سەبارەت بە دۆخی ژنانی کوردی زیندانی لە بەشی فارسیدا بخوێننەوە.