ئێران/ بە هۆی پێکدادانی ئوتوبووس و ماشینی بارهەڵگر ٤٧ کەس کوژران و بریندار بوون

21:39 - 27 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە جادەی نێوان کاشان و ئیسفەهان، ٤٧ کەس لەو ڕووداوە، کوژران و بریندار بوون.

شەوی ڕابردوو،پێکدادانی ئوتوبووسێکی موسافربەری و ماشینێکی بارهەڵگری سووتەمەنی، لە جادەی نزیک نەتەنز_کاشان، کوژرانی ٢١ کەس لە هاووڵاتیانی ئێرانی لێکەوتەوە.

هەروەها لەو ڕووداوەدا، ٢٦ کەسیش بریندار بوون و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی کاشان، بادرود و ئیسفەهان، کراون.

بەڕێوەبەری ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی ڕووداوەکان و فەوریەتییەکانی پزیشکی زانکۆی زانستی پزیشکی شاری کرمان ئاماژەی بەوەکرد کە تەرمی هیچکام لە کوژراوەکان بە هۆی سووتانی لەرادەبەدەر، نەناسراونەتەوە و دەبێ لە ڕێگای DNA تاقیکارییان بۆ بکرێت.

دوکتور محەممەد سابیری هەروەها دەڵێت: هەموو کوژراوانی ئەو ڕووداوە بۆ پزیشکی یاسایی شاری ئیسفەهان ڕەوانە کراون کە ناسینەوەی شوناسی ئەو کەسانە چەند ڕۆژێک درێژەی دەبێت.

ئەو ڕووداوە کاتژمێر ١١ و ١٥ خوڵەکی شەوی ڕابردوو، ڕوویداوە.

پێشتریش، شەوی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕ، بە هۆی پێکدادانی یەکێک لە تانکرەکانی هەڵگری نەوت و ئۆتووبووسێک، تەقینەوەیەکی بەهێز ڕووی دا، کە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا، موسافیرانی ئۆتووبووسەکە لە ئاگردا سووتان و مسافیرەکانی بوونە قوربانی.

چیاکۆ کەریمی، یەکێک لە دوو شوفێری ئۆتووبوسەکە کە لەو ڕووداوەدا بووە و لە مردن ڕزگای بووە، لە وتووژێکدا لەگەڵ ڕاگەیەندنەکانی حکوومەتی ڕایگەیاند: \"تەنیا دوو کەس لە ١٧ مسافیرەکانی ئۆتووبووسەکە ڕزگاریان بووە.