ئێران ٥٣٠ کەسی لە ساڵی ٢٠١٦دا ئێعدام کردووە

15:38 - 15 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی (٢٠١٦)٥٣٠ هاووڵاتیی ئێرانی ئێعدام کردووە و هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧ لانیکەم ١٤٠ کەس لە ماوەی ئەم چوار مانگەدا ئێعدام کراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردووە، دادگاکانی ئینقلاب لە ئێران حوکمی ئێعدامی بۆ ٥٣٠ هاووڵاتیی ئێرانی بڕیوەتەوە و ئەو حوکمەش جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەو ڕێکخراوە مرۆییە، هەرچەند ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو بەشێوەی ڕێژەیی کەمی کردووە، بەڵام بە شێوەی نێوەنجی لە هەر ڕۆژێک دا، لە ئێران هاووڵاتییەک لە سێدارە دراوە.

هەروەها ئەو ڕاپۆرتە ئەوەشی خستۆتەڕوو کە هەتا ئێستا هیچ گۆڕان و ئاڵوگۆڕێک لە سیاسەت و بیرۆکەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە سزای ئێعدامەکان دا بەدی نەکراوە.

تەنیا لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا، لانیکەم ١٤٠ کەسی دیکە ئێعدام کراون.

ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها بیری خۆی لە سەر دادگای ئینقلاب کۆکردوەتەوە، کە وەک هۆکاری سەرەکیی لە سەرکوتکردن و لە بەرچاو نەگرتنی ڕەوتی لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە لە سیستمی قەزایی ئێران ناوزەد کردووە.

دادگاکانی ئینقلاب، بەرپرسایەتی زۆربەی حوکمی بڕینەوەی ئێعدامەکانی لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا لە ئەستۆ بووە و هەروەها لەو ڕاپۆرتە دا، دادوەرەکانی دادگاکانی ئێنقلاب وەکوو کەسانێک کە لە دەسەڵاتی یاسایی کەڵکی نابەجێ وەردەگرن، ناسراون.
دادگایی کردنی سەرەتایی لە ماوەی ١٥ خولەکدا، ئیزن نەدان بۆ هەڵبژاردنی پارێزەر و بڕینەوەی حوکم بە پێی دانپێدانانی زۆرەملی لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی دادگاکانی ئێنقلاب بوون.

\"ڕافائێل چنوێل ئازان\" بەرێوەبەری ڕێکخراوی فەرانسەوییەکان بە گشتی دژی ئێعدام لەو بارەوە دەڵێت: ئێمە داوا لە هەموو وڵاتانی دێموکراتیک و ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندیی دیپلۆماتیکیان لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دا هەیە بە شێوەی جیددی بۆ کەمکردنەوەی ئێعدامەکان لە ئێران گوشار بخەنە سەر ئەو وڵاتە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، ئاماژەی بە پێشێلکردنی ١٢٩٠ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا کردووە.