ئێران هۆشداری بە تۆڕی تێلێگرام دا

12:18 - 27 رێبەندان 2715
ئاژانس کوردپا: بەرپرسێکی حکوومەتی ئێران هۆشداریی بە کاناڵی تێلگرام دا و ڕایگەیاند کە تۆڕی تێلێگرام دەبێت \"سێروێر\"ـەکەی (Server) بۆ ئێران ڕاگوازێت و لە ئەگەری سەرپێچی لەو بڕیارە، ئێمە ئەو تۆڕە دەسڕینەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسێکی ئەمنییەتیی ئێران دوای هۆشداری بە تێلێگرام، داواشی کردووە کە سێروێرەکەشی بۆ ئێران ڕاگواسترێت و لە ئەگەری سەرپێچی لەو بڕیارەش، ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە دەسڕنەوە.

هەواڵدەریی فارس لە زاری \"محەممەدڕەزا ئاقامیری\" ئەندامی هەیئەتی سانسۆڕی ماڵپەڕە ئینتێرنێتییەکان لە ئێراندا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕایگەیاند: \"تێلێگرام لە ئێراندا زۆری پەرەسەندووە و خەڵک زۆر بەو تۆڕە گیرۆدە بوونە\".

ئاقامیری هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە ئەگەر تێلێگرام ئەو داواکارییەی ئێمە ڕەت کاتەوە ئێمە دەیسڕینەوە، ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ئێران ئەوەشی خستەڕوو کە تێلێگرام تا ئێستا زۆرێک لە داواکارییەکانی ئێمەی جێبەجێ کردووە.

پێتریش وەزارەتی پەیوەندییەکان و تێکنۆلۆژیی ئێران، داوای لە کۆمپانیای \"تێلێگرام\" کردبوو کەرەستەکانی سیخوڕی و سانسۆری ئەپلیکەیشنی \"تێلێگرام\" بخەنە خزمەت ئەو وەزارەتەوە.

هەروەها، دوابەدوای وتەی هێندێک لە بەرپرسانی پایەبەرزی ئێرانی، دوو بەرنامەی ئەپلیکێیشێنی تێلێگرام و ئیمۆ بۆ بەکارهێنەرانیان فیلتێر کران.

تێلێگرام تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە کە نامە، وێنە، ڤیدئۆ و فایل دەنێرێت و ساڵی ٢٠١٣ی زایینی دامەزراوە، کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەکارهێنەرانی ئەو بەرنامەیە لە ئێراندا زیادی کردووە.

ئێران لە بواری سانسور لە جیهاندا بەپێی ڕاپۆرتی ماڵیی ئازادی(Freedom house) پلەی سێهەمی لە جیهاندا هەیە.

لێنکەکانی پێوەندیدار:
\"تێلێگرام\" داوای حکوومەتی ئێرانی بۆ \"سیخوڕی لەسەر بەکارهێنەرانی ئێرانی\" رەد کردەوە
ئێران/ تێلێگرام و ئیمۆ کەوتنە بەر تێخی سانسۆر