ئێران لەبواری ئاشتی و ئاسایش، لەجیهاندا پلەی ١٣١ی هەیە

16:21 - 29 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: ئێران لەبواری دابینكردنی ئاسایش و ئەمنیەتی كۆمەڵایەتیدا لەنێوان ١٦٢ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٣١ی بۆ خۆی تەرخان كردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دامەزراوەی ئابووری و ئاشتی، لەماوەی ساڵی ٢٠١٤‌ی میلادیدا، پلەی ١٣١ی لەجیهاندا، لە بواری دابین كردنی ئەمنیە، بۆ ئێران دیاری کردووە.

ئاشتیخواز بوونی ئێران لە ریزبەندیی وڵاتانی برێزیل، توركیا و چین دایە.

یەكێكی دیكە لە تایبەتمەندییەكانی ئەو رێكخراوەیە، هەڵسەنگاندن لە بواری بازرگانی بە چەكوچۆڵەوەیە و بەپێی ئەو راپۆرتەی كە بڵاوی كردۆتەوە، ئێران كڕین و هێنانی چەك و تەقەمەنیی كەم كردۆتەوە.

\"20615.jpg\"
دامەزراوەی ئابووری و ئاشتی
بەپێی ئاماری ئەو دامەزراوەیە، وڵاتانی ئیسلەند، دانمارك و ئوتریش بە ریز ئاشتیخوازترین وڵاتانن و هەروەها سووریە(١٦٢)، ئەفغانستان(١٦١) و عێراق(١٥٩) لەخشتەی دامەزراوەی ئابووری و ئاشتی لە ریز بەندی خرابترین وڵات دان.

لەو بارەیەوە رادیۆ فەردا بڵاوی كردبۆوە، دامەزراوەی ئابووری و ئاشتی ئاماژەیەكی بە دابەزینی ٦ پلەی ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو نەكردبوو، بەڵام لەهەمان كاتیشدا گرێ‌دەداتەوە بە هاتنە سەركاری حەسەن روحانی.

راپۆرتی ئەو دامەزراوەیە دەرخەری ئەوەیە، كە حكوومەتە دێمۆكراتیكەكان بە نیسبەت حكوومەتە دیكتاتۆر یان نیمچە دێمۆكراتیكەكان ئوگرییەكی زیاتریان بۆ ئاشتی هەیە.

بڵاو بوونەوەی ئەو راپۆرتە لەحاڵێكدایە، كە سەرەتاكانی بانەمەڕی ئەمساڵ دامەزراوەیەكی توێژینەوەیی لەئەمریكا رایگەیاندبوو، كە ئێران لەبواری \"داماوی و چارەڕەشی\" لەنێوان ٩٠ وڵاتی جیهاندا پلەی دووهەمی هەیە.

دامەزراوەی \"كاتۆ\" هەڵاوسانی بە گرینگترین و سەرەكیترین هۆكاری گەشە و زیادبوونی \"داماوی و چارەڕەشی\" لەئێران لەقەڵەم داوە.

ماوەیەك لەمەوبەریش دامەزراوەی \"گالۆپ\" خەڵكی ئێران لەگەڵ خەڵكی عێراقی بە خەفەتبارترین و خەمۆكترین كەسەكان وەسف كردبوو.

خەڵكی ئێران لە بواری ئاستی ئێحساساتی پۆزەتیف، لەنێوان ١٣٨ وڵاتی جیهاندا پلەی ٩٣‌یان هەیە.