ئێران لە ڕووداوی هاتوچۆدا پلەی دووهەمی جیهانی هەیە

15:05 - 4 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ئێران بە هۆی خراپی و چاڵ‌وچۆڵی جادەکانی و ڕووداوی هاتوچۆ، لە نێوان ١٩٠ وڵاتی جیهاندا پلەی دووهەمی هەیە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، خراپیی ڕێگاوبانەکانی وڵاتی ئێران هۆکاری سەرەکیی هەڵکشانی ئاماری ڕووداوی هاتوچۆیە و ڕێژەی ڕووداوی هاتوچۆ بە بەراورد لەگەڵ وڵاتی ژاپون لە سەدا ٢٥ و هەروەها دوو بەرانبەری وڵاتی تورکیەیە.

بەپێی ئامارەکانی خودی حکوومەت، ماشینە گەورە و چووکەکان لە ئێران هەتا ١٠٠ قاتی هێندێک وڵاتانی جیهان تووشی پێکدادان و ڕووداوی هاتوچۆ دەبن و قوربانییان لێ‌دەکەوێتەوە.

ئامارەکانی حکوومەتی ئێران لەو پێوەندییەدا، ئەوە ڕاستییە دەخەنەڕوو کە، لە جیهاندا لە بەرانبەر هەر ١٠ هەزار ماشین، ٩ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتۆچۆ گیانی لەدەست دەدات، بەڵام لە ئێراندا لە بەرانبەر ئەو ڕێژەیەدا، ٣٧ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دەدەن.

ماڵپەڕی بوڵتەن نیوز لە ڕاپۆڕتێکدا بڵاوی کردەوە، شیمانەی نێونجی ٢٣ هەتا ٢٧ هەزار کوژراوی دەرئەنجامی پێکدادانی ماشینەکان لە ماوەی یەک ساڵدا و هاوکات ٢٥٠هەزار برینداری ڕووداوی هاتوچۆ دەکرێت، دەبێ بڵێین هەر ساڵ بوومەلەرزەیەکی گەورە لە ئێران ڕوو دەدات.

ئەو ماڵپەڕە هۆکاری ڕوودانی پێکدادانی ماشینەکانی ئێرانی بۆ سێ هۆکار گەڕاندوتەوە کە بریتین لە؛ مڕۆڤەکان، ڕێگاکان و کەرەستەکانی گواستنەوە، کە گرینگترین هۆکاری شوێندانەرن لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا.

هەروەها بەرپرسێکی حکوومەتی لەو بارەوە ڕایگەیاند؛ بە هۆی نەبوونی بوودجە و ئیعتبارەوە ناتوانن گرفتی قیرتاوی جاددە و ڕێگەوبانەکانی ئێران چارەسەر بکەن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی ناستانداردیی رێگەوبانەکان و پرتووکاوبوونی ماشێنەکان لە ئێراندا، ساڵانە نێوان ٢٠ هەتا ٣٠ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دەدەن.