ئێران لە لیستی ٥٠ وڵاتی نوێگەردا جێگای نییە

14:31 - 25 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: وڵاتی ئێران لە ناو ٥٠ وڵاتی نوێگەری جیهان لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینیدا، هیچ ڕێکوردێکی نیە.

بەپێی ڕاپۆرتی \"بلۆمبێرگ\" وڵاتی ئێران لە نێوان ٥٠ وڵاتی جیهاندا لە بواری نوێگەری و داهێنانەوە، هیچ پلەیەکی نیە و ساڵی ڕابردووش لە نێوان ئەو ٥٠ وڵاتەدا، پلەی ئاخری هەبوو.

پلەبەندیی نوێگەری وڵاتانی جیهانی لە لایەن بلۆمبێرگەوە، بەپێی ٦ پێوەر ئەنجام دراوەکە ئەمساڵ، ناوی ئێرانی تێدا نییە و وڵاتانی وەکوو \"کۆرەی باشوور، ژاپۆن و ئاڵمان\"ـیش پلەی یەکەم تا سێهەمیان هەیە.

شەش پێوەر کە بۆ نوێگەری ئەو وڵاتانە ڕەچاو گیراوە پێوەرەکانی وەک \"لێکۆڵینەوە و گەشە، بەرهەمهێنان، شیرکەتەکانی تێکنۆلۆژی پێشکەوتوو، پەروەردە، لێکۆڵەران و داهێنانەکان\" لەخۆوە دەگرێت.

وڵاتی ئێران بە هۆی ئابووری بەستراوە بە نەوت و بەدەستوەگرتنی هەموو بوارەکانی ئابووری لە وڵاتەدا لە لایەن سپای پاسداران، بواری نوێگەری و بەرهەمهێنان زۆر لاوازە.

هەروەها بە هۆی ئەوەیکە مێشکەکانلە ئێراندا بە هۆی فەزای ئەمنییەتیی ناو ئێران ناتوانی کار بکەن، وڵات بەجێ دەهێڵن، کە ئەوەش خەسارێکی گەورە لە پێشکەوتن و بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتەد دەدات.

لە لایەکی دیکەوە نەبوونی سیاسەتی گونجاوی ئابووری و هەروەها سیاسەتی خسووسی سازی لە ئێراندا، کارخانە و شوێنە بەرهەمهێنەرەکان ناتوانن ئازادانە لە بازاڕدا کار بکەن کە ئەوەش خەسار بە پێشکەوتنی ئەو وڵاتە دەگەێنێت.

هەروەها نەبوونی بەڕێوەبەریەکی شیاو لە بواری پیشە و بەرهەم لە ئێراندا خۆی زیانێکی قەرەبوو نەکراو لە ئابووری ئەو وڵاتە دەدات و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە وڵاتی ئێران لە پلەبەندییە ئابوورییەکانی جیهانیدا، هیچ پێگەیەکی نەبێت.